کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەدواداچوونی یاسایی بۆ ٣٥ ڕۆژنامەوان و چالاکی میدیایی لە یەک مانگدا

17:25 - 13 رەشەمه 2723

لە ڕاستای سەرکوتی بەربڵاوی ڕۆژنامەوانان، میدیاکان و چالاکانی بواری میدیا لەلایەن ڕێژیمەوە لە ئێران، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردووی زایینییدا، لانیکەم ٣٥ کەس لە ئێران کەوتوونەتە ژێر چاوەدێریی یاساییەوە.

ڕێکخراوی بەرگری لە ڕەوتی ئازادیی زانیاری لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر سەرکوتی ڕۆژنامەوانان و میدیاکان لە ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینییدا کە بەم پێیە، لانیکەم ٣٥ چالاکی بواری میدیا و ڕۆژنامەوان و بەرپرسی میدیا لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری یاساییەوە.

 بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ٢٦ پیاوی چالاکی بواری میدیا و ٩ ژنی چالاک لەم بوارە لەلایەن ڕێژیمەوە کەوتوونەتە ژێر چاوەدێری و بەدواداچوونی یاساییان بۆ دەکرێت کە ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، زیاتر لە ٤٠ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

ڕێژیمی ئێران تۆمەتگەلێکی وەک: پڕوپاگەندە دژی نیزام، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی، تۆمەتلێدان، لابردنی حیجاب، درکاندنی بەڵگە، بێڕێزی و کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی داوەتە پاڵ ئەم ڕۆژنامەوان و چالاکانە.

هەندێک لەم کەسانە لەسەر سکاڵای ناوەندە دەوڵەتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کەوتوونەتە ژێر چاوەدێری، ژمارەیەکیان دەسبەسەر کراون و ژمارەیکیان بە سزای نەختی و بێبەریکران سزا دراون و ژمارەیەک بانگی زیندان و ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان کراون.