کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهۆ وتووێژی نوێ بۆ ئاگربەست لە غەززەی پشتڕاست کردەوە

11:03 - 11 خاکەلێوه 2724

دوای یەک ڕۆژ لە فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی بە ئیسرائیل بۆ دەستەبەرکردنی دەستپێڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە، بێنیامین نێتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕێگەی بە خولێکی نوێی وتووێژ بۆ ئاگربەست لە غەززە  دا.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە سەرەڕای بڕیارنامەی ئەم حەوتوویەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای دەستبەجێی ئاگربەست دەکات، شەڕ لە غەززە ڕۆژی هەینی بەردەوام بوو.

هاوکات نووسینگەی نێتانیاهۆ ڕایگەیاند، وتوویژی نوێ سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا  لە دۆحە و قاهیرە ئەنجام دەدرێت.

سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا و دوو وڵاتی میسر و قەتەر کە ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن، ئەم وتووێژانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوونەتە بنبەست، لەکاتێکدا ئەو هیوایە هەبوو  کە لایەنەکان پێش مانگی ڕەمەزان لەسەر ئاگربەست بگەنە ڕێککەوتن.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژی هەینی شەڕ لە دەوروبەری چەند نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە بەردەوام بووە. ئەرتەشی ئیسرائیل گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەکات کە خۆیان لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکاندا حەشار داوە و لە نەخۆش و پزیشکەکان وەک قەڵغانی مرۆیی کەڵک وەردەگرن.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپی حەماسدایە، ڕایگەیاند، لە ماوەی شەودا دەیان کەس لەو ناوچەیە کوژراون.