کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ هۆی ئاگاداربوون لە ناڕەزایەتیی خەڵک خۆی لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم دەبوێرێ

11:50 - 11 خاکەلێوه 2724

نوێژی هەینیی زاهێدان بە بەشداریی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە دەوروبەری مزگەوتی مەکیی زاهێدان بەڕێوە چوو و مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی ئەم شارە جارێکی دیکە ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕێژیم گرت.

مەولەوی عەبدولحەمید ڕۆژی هەینی، ١٠ی خاکەلێوە لە وتاری خۆیدا سەبارەت بە پرسی ڕێفراندۆم لە ئێراندا قسەی کرد و هۆکاری دژایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ ئەم پرسەی، هەبوونی زانیاری ڕێژیم لەسەر دۆخی وڵات و ناڕەزایەتیی خەڵک ناو برد.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە خەڵک بە هیوای جێگیربوونی دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی و برایەتی دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا و بڕیار وابوو هەژاری و دەستکورتی لەم وڵاتە نەمێنێت و سامانی ئێران بۆ خەڵک بەکار بهێندرێت.

پێشنوێژی هەینیی زاهێدان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دابەزینی ڕۆژانی بایەخی پارە، لەرزۆکبوونی ئابووری و ناسەقامگیریی ئابووریی ئێران کرد.

مەولەوی عەبدولحەمید لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕەخنەی لە نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێراندا گرت و وتی: بڕیار بوو کە خەڵک ئازادیی سیاسیی وەک مافی ڕەخنەگرتن و ئازادیی نووسین و ئازادیی ڕادەبڕینیان هەبێ.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش، ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزە نیزامییەکان وەک هەینییەکانی ڕابردوو لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی جێگیر بوون و بە دانانی خاڵی پشکنین، هەوڵی کۆنتڕۆلكردنی خەڵكیان داوە.