کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پەرە بە توانای ناوکیی خۆی دەدات

12:01 - 11 خاکەلێوه 2724

بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵی پەرەدان بە توانا ناوکییەکانی خۆیەتی.

ڕافائێل گرووسی لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی پی بی ئێس بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم زۆر قووڵە و بواری جیاوازی هەیە، جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت پیتاندن تا ئاستەکانی سەرەوە، ئەنجام بدات.

گرووسی زیادی کردووە کە چاوەدێرانی ئاژانس دەبێت ئازادیی تەواویان هەبێت تاکوو پشکنینەکانیان ئەنجام بدەن بەڵام لە ئێستادا بە ڕێژەی پێویست ئەو ئازادییە لەبەر دەستدا نییە و داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردووە تاکوو پێداچوونەوەیەک بە پڕۆسەی چاوەدێرییەکان بکەن.

بەرپرسی گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە گرینگیی دیپلۆماسی ڕایگەیاند ئێستا تەنیا ڕووکارێکی بەتاڵ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام ماوەتەوە و هیچ یەک لە لایەنەکان ئەرکەکانی خۆیان بەڕێوە نابەن و هیچ دیپلۆماسی و وتووێژێک لە ئارادا نییە.

لەم پێوەندییەدا ئەمریکا ١٧ی ڕەشەمە سەبارەت بە هاوکارینەکردنی ڕێژیم لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی هۆشداری دا کە ئەگەر حکوومەتی ئێران دەست لە پێشگرتنەکانی بە ئاژانس هەڵنەگرێت، ئەمریکا لە ڕێگەی شۆرای حوکامەوە ڕێوشوێنی دیکە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم دەگرێتە بەر.

دەرکردنی بڕیارنامەی نوێ بە دژی ڕێژیمی ئیسلامی یەک لەو ڕێوشوێنانەیە.