کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەمە کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵکی تۆمار کرد

17:30 - 13 رەشەمه 2723

بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خێبرگان، کە لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە لە کوردستان و ئێران، بایکۆت کرابوو، کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمی ئێرانی تۆمار کرد.

پاش بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لەژێر سێبەری بایکۆتی بەرفراوانی خەڵکانی کوردستان و ئێران، ڕێژیم لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا، ڕێژەی ئەم بەشداریکردنەی ٤١ لەسەد ڕاگەیاند کە خودی ئەم ئامارە کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا بووە.

بەپێێ ئامارە ناڕاستەکانی خودی ڕێژیم، ڕێژەی بەشداریی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ بەناو هەڵبژاردنەکانی دەورەکانی پێشتری مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ٤٢.٥٧٪ و ئاخرین بەناو هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری ڕێژیمیش زۆر کەمتر بووە.

سەرەڕای بایکۆتی بەربڵاوی شانۆی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە، میدیاکانی ڕێژیم لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا، بەشداریی ٢٥ میلیۆنیی خەڵكیان بە سەرکوتن ناو برد، ئەمە لەحاڵێکدایە کە زایتر لە ٦١ میلیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبووە  و لە ڕاستیدا ئەمە شکستێکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی بووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە چالاکانی سیاسی بە هەژمارکردنی دەنگە بەتاڵەکان، ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداریکردنەکەیان کەمتر لە ٣٥ لەسەد ڕاگەیاندووە.

پێشتر دامەزراوەی گەمان، بەپێی ڕاپرسییەک پێش لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژم، ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەم شانۆیەدا، لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٠ لەسەد دەبێت.