ڕۆژی هەینی، ١٠ی خاکەلێوە و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ئەندامانی کۆمیتەی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی سەردانی مەزاری شەهیدانی دەستی تێرۆر لە باینجانیان کرد.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کۆمیتەی سلێمانی، بە سەردانی مەزاری شەهیدانی دەستی تێرۆر لە باینجان سەر بە شاری سلێمانی یادی ١٠ی خاکەلێوە و شەهیدانی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
بەشداربووان بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی ڕێبەرانی شەهید و هەروەها ئاڵای کوردستان و یووبیلی حیزبی دێموکرات بەرەو گۆڕستانی شەهیدان چوون و بە دانانی گوڵ لەسەر مەزاری شەهیدان پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ نوێ کردنەوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن چەند کەس لە ئەندامانی حیزبەوە سروودی ئەی شەهیدان پێشکەشی ئامادەبووان کرا و دواتر چەندین سروود و شێعر لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە خوێندرانەوە.