کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی فەڕانسە جەخت لەسەر درێژەدان بە بەرەوڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە دەریای سوور دەکات

11:10 - 12 خاکەلێوه 2724

وتەبێژی ئەرتەشی فەرانسە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی درێژە بە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکان لە دەریای سوور ئەدات و بەرگری لە کەشتییەکانی فەرانسە و وڵاتانی دیکەی ئورووپا دەکات.

لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە پاریس بەڵێنی داوە کە ئەمنییەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمۆزەوە تاکوو نۆکەندی سوئیز بپارێزێت هاتووە کە کەشتییە شەڕکەرەکانی فەرانسە ماوەیەکی زۆرە کە لە دەریای سوور چالاکی دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەرتەشی فەرانسە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ باسی لە خستنەخوارەوەی ٢ دڕۆنی حوسییەکان کردووە کە بۆ کردنە ئامانجی کەشتییەکی شەڕکەری ئەو وڵاتە دەچوون.

فەرانسە بە بێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن و هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا بەرەوڕووی هەڕەشەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە.

گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن کە بە حوسییەکان دەناسرێن پاش دەسپێکی شەڕی غەززە و بە بیانووی پشتیوانیکردن لە فەلەستین تاکوو ئێستە نزیکەی ٧٣ هێرشی مووشەکی و دڕۆنییان لە دەریای سوور کردووەتە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان.

حوسییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە تەنیا کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەکەنە ئامانج بەڵام دواتر کەشتییە بازرگانییەکانی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواییان کردە ئامانج.

لە ئاکامی هێرشەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور تا ئێستە زیانێکی زۆر بەر کەشتییە بارهەڵگرەکان کەوتووە و هەروەها کەشتییەکی بریتانیایی نوقم بووە و ٣ کەشتیوانیش بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم گرووپەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە کاردانەوە بەم هێرشانە سەرەتا ئەمریکا بۆ جارێکی تر ناوی حوسییەکانی یەمەنی خستەوە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکان و پاشان بە هاوکاریی بریتانیا و ژمارەیەکی دیکە لە هاوپەیمانان، چەند هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەم گرووپە لە یەمەن و دەریای سووردا.