کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ۶۰۰ کەس لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە

11:46 - 12 خاکەلێوه 2724

سیاوەش موحێبی، جێگری بەرپرسی پۆلیسی ڕێگاوبانی فەراجا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ تا بەرەبەیانیی ١١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ٥٤٥ ڕووداو لەکاتی گەشتەکانی نەورۆزدا ڕوویان داوە، کە تێیدا ١٧ هەزار و ٤٧٤ کەس برینداربوون.

هەروەها بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە ٦٦٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. ئاماری قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆ بەتایبەت لە پشووی سەری ساڵدا کاردانەوەی هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدوای خۆیدا هێناوە و زۆربەیان هۆکاری ئەو ڕووداوانە بۆ ئۆتۆمبێل و ڕێگاوبانەکانی ناستاندارد و ناپارێزراو گەڕاندووەتەوە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر بەو ژمارە زۆرەی گیانلەدەستدان لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا هەبوو  نووسیویانە کە زیانی گیانی لە جەژنی نەورۆزی ئێران زیاترە لەو سەربازە ئیسرائیلییانەی کە لە شەڕی شەش مانگە لەگەڵ حەماس کوژراون.

لەحاڵێکدا کە زۆرێک لە خەڵکی ئێرانی ئاماژە بە ڕێگاوبان و ئۆتۆمبێلی نێوخۆیی ناستاندارد و ناپارێزراو دەدەن و بە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا دەزانن، کەسانی سەر بە ڕێژیم بە پێچەوانە و بە پاساوهێنانەوە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانە دەخەنە ئەستۆی شۆفێرەکان کە خۆیان ناپارێزن و هۆشیار نین.

تەیموور حوسێنی، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆ، ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوە لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند، خێرایی نایاسایی هۆکاری ڕووداوەکانە و زیادکردنی سزادانی مادی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بە ڕێژەی ٢٠٪ی ئەو ڕووداوانە و ژمارەی بریندار و گیانلەدەستدان بە لانیکەمەوە.

بەڵام ئەم لێدوانەش کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و هاووڵاتیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ڕایگەیاند، ڕێگا چارە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان زیادکردنی بڕی سزای مادی نییە، بەڵکوو چاککردنەوەی ڕێگاکان و کەلوپەلی قەراغ جادەکان بۆ پاراستن و هێڵەکانی سەر ڕێگاکان و هەروەها چاککردنی پیشەسازی ئۆتۆمبێل و باشکردنی ئاستی کواڵێتیی ئۆتۆمبیله‌كانه‌.