کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئومید قەدیمی خەڵکی دیواندەرە بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا

11:50 - 12 خاکەلێوه 2724

ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە دیواندەرە، بە ٤٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ئومید قەدیمی، تەمەن ٣٣ ساڵ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی دیواندەرە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "'ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی "  سزای ٣٢ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" سزای ٨ مانگ بەندکران و سەرجەم سزای ٤٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ناوبراو بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕای گشتی" بە پێبژاردنی ٨ ملیۆن و پێنسەد هەزار تمەن سزای نەختی لە حیسابی سندووقی دەوڵەت سزا دراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەر کراوە و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.

فواد قەدیمی، لەدایکبووی یەکی ڕەشەمەی ١٣٦١، کوڕی حەدێقە سەفایی و عەبدوڵلا بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و لە شاری دیواندەرە کاری دروومانی دەکرد.

 فواد قەدیمی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.