
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی سێ ڕۆژە خەڵکی شارۆچکەی ساحێب بە هۆی سووتانی پۆمپی ئاوی شارۆچکەکەوە بێ ئاو ماونەتەوە.
شارۆچکەی ساحێبی سەر بە شاری سەقز کە نزیک بە ٧ هەزار دانیشتووی هەیە ماوەی ٣ ڕۆژە کە بە هۆی سووتان و لەکارکەوتنی پۆمپی ئاوی شارۆچکەکەوە بێ ئاو ماوەتەوە و خەڵکەکەی تووشی کێشەی بێ ئاوی بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان خەڵکی شارەکە چەند جار چوونەتە بەردەم شارەوانی و بەخشداریی ساحێب و داوایان کردووە تاکوو کێشەکەیان بۆ چارەسەر کەن بەڵام تاکوو ئێستە هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووە و کەس بەرپرسیاریەتی کێشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
شایانی باسە کە بەپێی زانیارییەکان لە دوای دەسپێكی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە کوردستان و سەرهەڵدانی شۆڕشەکە لە شاری سەقز، دامەزراوە دەوڵەتییەکان و دەستوپێوەندییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەم شارە و ناوچەکانی سەر بەو شارە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆیان لە هەمبەر خەڵک بەڕێوە نابەن.