کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی موشەکی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بەردەوامە

12:15 - 12 خاکەلێوه 2724

هێزی ئاسمانیی ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕووسیە لە ماوەی ئێوارەی هەینی تا بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، چوار مووشەکی ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین و ١٢ پەهبادی جۆری شاهێدی بۆ شوێنی جیاجیا لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردووە.

ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە، هێزی ئاسمانیی ئۆکراین بڵاوی کردەوە، ٩ پەهبادی شاهێد کە لەلایەن ڕووسیەوە هەڵدرابوون، لە چوار ناوچەی ئۆکراین خراونەتە خوارەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی مۆسکۆ بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری شاهد ١٣١ و شاهد ١٣٦ بۆ ڕووسیە تۆمەتبارە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی نێوخۆی ئێران، ڕێژیمی ئێران پەهبادێکی هێرشبەری نوێی بە ناوی شاهێد ١٠٧ دیزاین کردووە، کە بڕیارە لە شەڕی ڕووسیە لەدژی ئۆکراین بەکاربهێنرێت.

ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا تا ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ڕووسیە گەمارۆیان خستووەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

پێشتر برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە کارە نایاساییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گەیاندنی بۆ ڕووسیە و گرووپە بە وەکالەتەکانی تاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیری لەنێو دەبەن.

ڕۆژانە ھەڵدانی پەهبادی شاهێد لەلایەن ڕووسیەوە بەرەو ئۆکراین لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراوە.

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ڕووسیە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین دەست پێکردووە و زیانێکی بەرچاوی لە چەند ناوچەیەکدا گەیاندووە.