کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاخوندە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیم بۆسەر چۆنیەتیی پۆشینی جلوبەرگی ژنان و پیاوان

12:33 - 12 خاکەلێوه 2724

هاوکات لەگەڵ دووهەمین هەینی ساڵی نوێ، ئاخوندەکانی ڕاسپێردراوی عەلی خامنەیی وتارەکانیان لەسەر هێرشکردنە سەر چۆنیەتیی پۆشینی جلوبەرگی ژنان و پیاوان چڕ کردووەتەوە و داوایان لە بەردەنگەکانیان کرد کە ڕووبەڕووی "بێ حیجابی" ببنەوە و بەرگری لە "بەهاکانی نیزام" بکەن.

عەلیڕەزا ئێعەرافی، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە قوم، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، هەڵبژاردنی جۆری جلوبەرگی لەلایەن خەڵکەوە بە پیلانی "دوژمن" زانی و وتی: ئێستا دوژمن حیجابی کردووەتە ئامانج وەک هێمای بەها ئایینیەکان و ئەم بێ حیجابیە  ئاسایی نییە، بەڵام هۆگرانی بەناو نیزام لە پیلانی دوژمنان تێدەگەن، و بەهاکانی نیزام دەپارێزن و بەرگرییان لێ دەکەن.

نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای ئیلام، ئەڵانوور کەریمی تەبار، بە توندی ڕەخنەی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە و ئاهەنگی گەورەی "نەورۆزگا" گرت و وتی: شادیی خەڵک دەبێ لە چوارچێوەی یاسای شەریعەت و نیزامدا بێت. بەڵام لەم بۆنانە دوژمنان جلوبەرگی تایبەتی گرووپە ئۆپۆزیسۆنەکان لەبەر دەکەن و بە هەڵپەڕکێ و خۆشیکردن لە ڕاستیدا حیجاب و و حەیایان کردووەتە ئامانج، کە پێویستە لە ڕێگای یاسا و دادوەرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێ.

هەروەها حوسێن عەبدوڵڵاهی، ئاخوندی ڕێژیم و پێشنوێژی هەینیی دێزفوول لە پارێزگای خوزستان، خۆشی و شادی و ئاهەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی ئەم شارەی بە "تەحەمول نەکراو" زانی و وتی: ئەو ڕووداوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شوێنە گەشتیارییەکان ڕوویان داوە دڵی هەموو خەڵکیان ئازار داوە پێویستە دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات کە بە قسەی خۆیان کۆمەڵگەیان شێواندووە.

سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکانی هێز و دامودەزگاکانی ڕێژیم و هەبوونی کێشەگەلی گەورەی ئابووری لە ئەمساڵدا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیلام تا ورمێ لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان، نەورۆزی کوردەوارییان لەژێر ناوی مەشخەڵانی ڕزگاری و بە بیر و هزرێکی نەتەوەیی بەڕێوە برد.