کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەرانی گرووپە تێرۆریستیەکان ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی حەماس بەرز دەنرخێنن

12:37 - 12 خاکەلێوه 2724

لە سەفەری ڕێبەرانی گرووپە توندڕەوەکانی فەلەستین بۆ تاران و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، زیاد نەخالە سکرتێری گشتیی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، ڕۆڵی بەرچاوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شەڕی حەماسی بەرز نرخاند. 

ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە، سکرتێری گشتیی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، پاش دیدار لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگ و پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە جیهادی ئیسلامی و حەماس لە کاتی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا کرد و وتی کە ڕێژیمی ئێران ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە و لە تەنیشت ئەو گرووپانە وەستاوە.

هەروەها ناوبراو وتی کە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووەتە هۆی بەردەوامیی شەڕی ئەوان لە دژی ئیسرائیل و ئەو پشتیوانییەی بەرز نرخاند و سپاسی کرد.

نەخالە وێڕای ئاماژەدان بە گەمارۆ بەرفراوانەکانی سەر ڕێژیمی ئێران بەهۆی پاڵپشتیکردنی له‌ گرووپە فەلەستینییەکان وتی: ئێران باجی پشتیوانیکردنی ئەوانی داوە.

ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی حەماسیش دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای دیکەی ڕێژیمی ئیسلامی کۆ بووەوە و وێڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی شەڕی غەززە بۆ ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، هەڵوێستی خامنەیی و ڕێژیمی ئێرانی بەرانبەر بە حەماس بەرز نرخاند.