کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: شەڕی غەززە بەبێ لەنێوبردنی حەماس کۆتایی نایەت

10:57 - 14 رەشەمه 2723

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاوی کردووە تەوە کە یۆئاف گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە سنووری غەززە بە کۆمەڵێک سەربازی ئیسرائیلیی ڕاگەیاندووە کە هیچکەس هاوکاری تێرۆریستەکان ناکات و ئەوە تەنیا ئێمەین کە بڕیار دەدەین یەکەمجار چ شتێک چارەسەر بکەین.

ناوبراو ڕایگەیاندووە ئیسرائیل کۆتایی بە شەڕی غەززە ناهێنێت هەتا ئەو کاتەی کە حەماس بەتەواوەتی لەنێو بچێت. ناوبراو وتوویەتی لەسەر ئەو باوەڕەم شەڕ کاتێک تەواو دەبێت کە گرووپی حەماس لەنێو بچێت و ئەو سێناریۆیانە قەبووڵ ناکرێ کە شەڕ ڕابگیردرێ بەڵام سەروەریی حەماس هەر مابێ.

گاڵانت ڕایگەیاند، حەماس بە ڕوونی ئەوەی نیشان داوە کە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەبوونی ئیسرائیلە و دەبێت لە غەززە بنبڕ بکرێت، و دیاریش نییە کە ئەم ئامانجەی ئیسرائیل چەندە کاتی پێویستە.

لەلایەکی دیکەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی حەماس کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس لە غەززە، ڕەخنەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و بووەتە گوشارێک بۆ سەر ئیسرائیل کە دەبێ شەڕ ڕابگیرێت.

بەڵام  ئیسرائیل ڕایگەیاندووە حەماس گرووپێکە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت و لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی جۆربەجۆردایە، و دەیان ساڵە غەززەی کۆنترۆڵ کردووە و ژێرخانی خۆی لە ناوەندە مەدەنییەکان داناوە و لە خەڵکی سێڤیل وەک قەڵگانێکی مرۆیی کەڵک وەردەگرێت و هەر بۆیەش زیانی گیانیی خەڵکی سێڤیل زۆر بووە.