کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی جاوید ڕەحمان لە پەرەسەندنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمەوە

11:09 - 14 رەشەمه 2723

جاوید ڕەحمان هەواڵنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆیی لە ئێران، لە نوێترین ڕاپۆڕتی خۆیدا بۆ جارێکی دیکە سەبارەت بە سزا و ئەنجامی لەسێدارەدانەکان لەلایەن دەزگای بە ناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

لە ڕاپۆڕتەکەی جاوید ڕەحماندا کە لە ٤٢ لاپەڕەدا نووسراوە، هاتووە لانیکەم ٨٣٤ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینیدا لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر، ٤٣ لەسەد زیادی کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ١٣٨٨، ١٣٩٨، و ١٤٠١ی هەتاوی، باس لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرملێ، ئەشکەنجە، لەسێدارەدانی بەپەلە و نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، کراوە.

جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆڕتەکەیدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی خراپی ژنان و کچان لە ئێران و هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەریاندا، دەربڕیوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەدا باس لە ڕێگەنەدان بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕوون سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کراوە و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و دەربڕینی بیروڕای بە مافی خەڵکی ئێران زانیوە و هەروەها باسیش لە پێشێلکارییەکانی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە.

ئەم ڕاپۆڕتە بۆ ٥٥ـەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە کە لە ٧ی ڕەشەمە دەستی پێکردووە و تا ١٧ی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوو درێژەی دەبێت.