کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان پاش نوقمبوونی کەشتی ڕووبیمار باسیان لە درێژەدا بە هێرشەکانیان کرد

13:02 - 14 رەشەمه 2723

لە دوای نوقمبوونی کەشتیی بریتانیایی ڕووبیمار، حوسییەکانی یەمەن بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەیان کردووە کە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بریتانیاییەکان بەردەوام دەبن.

یەکێک لە بەرپرسانی باڵای حوسییەکان لەسەر هەژماری "ئیکس"ی خۆی ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپە لە داهاتوودا ژمارەیەک زۆرتر لە کەشتییە بریتانیاییەکان نوقم دەکات.

کەشتیی بریتانیایی ڕووبیمار کە ڕۆژی شەممە نوقم بوو هەڵگری ٢١ هەزار تۆن کوودی سولفات ئامونیۆم بووە کە دەتوانێت کارەساتێکی مەترسیداری ژینگەیی لە دەریای سووردا بخولقێنێت.

کەشتی ئاماژەپێکراو دوو حەفتە پێش ئێستە لەلایەن گرووپی تێرۆرستیی حوسییەکان کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن لە دەریای سوور کرایە ئامانج.

نوقمبوونی کەشتیی ڕووبیمار لەکاتێکدایە کە محەممەدعەلی ئەلحووسی بەرپرسی کۆمیتەی شۆڕشی حووسییەکان ڕایگەیاندبوو ئەگەر بریتانیا ڕێگە بە یارمەتییەکان بدات بچنە نێو غەززەوە، ئەوانیش ڕێگە بە بریتانیا ئەدەن تاکوو کەشتییە نوقمبووەکەیان بدۆزنەوە.

ئەم بەرپرسەی حووسییەکان نەیوتووە کە بریتانیا چ پێوەندییەکی بە چوونەژوورەوەی یارمەتییەکان بۆ نێو غەزە هەیە.

گرووپی تێرۆریستیی ئەنساروڵڵای یەمەن کە بە حوسییەکان ناسراون، پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە حەماس هێرشی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەست پێکرد.

حوسییەکان سەرەتا ڕایانگەیاندبوو کە تەنیا کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەکەنە ئامانج بە ڵام دواتر کەشتییە بارهەڵگرەکانی زۆربەی وڵاتانیان بە نێوی ئیسرائیلی بوونەوە کردە ئامانج.