کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بەهۆی ناکۆکی لەسەر لیستی بارمتەکان دانوستانەکانی لەگەڵ حەماس لە قاهیرە بایکۆت کرد

13:05 - 14 رەشەمه 2723

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل بە هۆی ڕادەستنەکردنی لیستەی کەسانی بەبارمتەگیراو لەلایەن حەماسەوە، دانوستانەکانی بۆ ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەستی شەش حەفتەیی بایکۆت کردووە.

ئەم بایکۆتکردنە لەحاڵێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕێبەندان شاندێکی حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل ئەلحیە سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی حەماس، بۆ بەڕێوەبردنی ئاگربەست بە ناوبژیوانیی وڵاتی میسر و قەتەر سەردانی قاهیرەیان کردووە و لەوێ ئامادەن، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ لایەنێکی ئیسرائیلی لەوێ ئامادە نەبووە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە حەماس تا ئێستا لەبارەی دۆخی بارمتە زیندووەکان هیچ وڵامێکی پێ نەداوینەتەوە بۆیە هیچ شاندێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ دانوستان لەگەڵ حەماس نانێردێتە وڵاتی قاهیرە.

لەلایەکی دیکەوە واشنگتۆن ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست نزیکە و پێویستە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی تا سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا شەڕەکان ڕابگیرێت.

وڵاتانی نێوبژیوان پێشنیاریان بە ئیسرائیل و حەماس کردووە کە لە قۆناغی یەکەمدا ئاگربەستێکی شەش حەفتەیی ڕابگەیێنن؛ لەو ماوەیەدا زۆرترین بارمتەکان لەوانە ژنان، بەساڵاچووان و بریندارەکان و هەروەها ژمارەیەک لە زیندانییەکانی فەلەستینیش دەبێ ئازاد بکرێن و ناردنی هاوکاریی فریاگوزاری بۆ غەززە زیاد بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی دانوستانەکان، بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند کە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک و تا ئەو کاتەی لیستی بارمتەکانی پێ نەگات ناچێتە ناو دانوستانەکانەوە؛ هەروەها سەرچاوەیەکی فەلەستینیش ڕاگەیاندووە، کە تا ئێستا حەماس لە ڕادەستکردنی ئەو لیستە خۆی پاراستووە.