کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردنی سوودان لە دامەزراندنی بنکەی دەریایی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

13:08 - 14 رەشەمه 2723

بە وتەی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی سوودان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی دەریایی لە کەنارەواکانی دەریای سوور لە سوودان، سەرکەوتوو نەبوو.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "واڵ ستریت" نووسی: "ئەگەر ئەم داواکارییە جێبەجێ کرابایە، ئێران دەیتوانی هاتوچۆی کەشتییەکان لە کاناڵی سوئێز و هەروەها هاتوچۆیان بۆ ئیسرائیل، چاوەدێری بکات.

ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە کە حوسییەکان بە یارمەتیی ڕێژیمی ئێران کەشتییەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج و ئەگەر سوودان ڕێگە بدات کە ئەم بنکەیە دابمەرزێت، کۆنتڕۆڵی ڕێژیمی ئێران بە سەر ئەو ڕێگە گرینگە دەریاییە زیاتر دەبێت.

ڕاوێژکاری هەواڵگریی سوودان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ئێران دڕۆنی داوەتە ئەرتەشی ئەو وڵاتە تاکوو لە شەڕی بە وتەی خۆی، یاخییەکان بەکاری بێنێت و هەروەها پێشنیاری کردووە کە ئەگەر حکوومەتی سوودان ڕێگە بدات ئێران بنکەی دەریایی دابمەرزێنێت.

ئەحمەد حەسەن محەممەد زیادی کردووە کە لایەنی ئێرانی ڕایانگەیاندووە کە لەم بنکەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری کەڵک وەردەگرن و هەروەها دەیانویست کە کەشتی جەنگی لەوێدا جێگیر بکەن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی سوودان بۆ ڕێگری لە کاردانەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم پێشنیارەی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە.

دەوڵەتی سوودان پێش کوودتای ٢٠٢١ی "عەبدولفەتاح ئەلبورهان" پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و حەماس هەبوو بەڵام پاش کوودتا و هاتنەسەرکاری ناوبراو سیاسەتەکانی سوودان زیاتر بە لای نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا کێشرا.