کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ ناوەندی دێموکراسیخواز خوازیاری یەکگرتوویی بزووتنەوەکانی ژنان و کرێکارانن

16:37 - 14 رەشەمه 2723

لە سەروبەندی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژناندا، ١٧ ناوەندی دێموکراسیخواز و چەپ لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای یەکگرتوویی بزووتنەوەکانی ژنان و کرێکارانیان لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا کرد و ئەو جۆرە یەکگرتووییەیان بە پێویستیەکی مێژوویی ناو برد.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە یەکگرتوویی کرێکاران و ژنان، ئازادی و بەرابەری بۆ هەموو کۆمەڵگا مسۆگەر دەکات.

هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە داواکاریی خۆشبژێوی و ئابووریی ژنان و گەیشتن بە ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتنی چەوساندنەوە و هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتی بەبێ هاوکاریی ژنان و پیاوانی کرێکار ناتوانێت بەدی بهێنرێت.

لەو ڕاگەیەندراوە دا هاتووە کە ئەمساڵ ڕۆژی جیهانیی ژنان لە دۆخێکدا دێت کە هێشتا ژنان لە ئێراندا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەگەڵ هەڵاواردن و سەرکوت بەرەوڕوون و ڕێژیمی ئێران زۆرترین هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتیی بە سەر ژناندا سەپاندووە و ژنانی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە پلەی دووهەمدا داناوە.

ئەم ناوەندانە هەروەها ئاماژەیان بە سنووردارکردنی کرێکارانی ئێران و سەختتربوونی بارودۆخی کارکردن و زیادبوونی هەژاری، و هەروەها بەردەوامبوونی گۆشار بۆ سەر ژنان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە سەریاندا، لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەیە لە سەرکوت و سنووردارکردنی بەرفراوانی کرێکاران و چالاکانی کرێکاری و هەروەها ژنان و چالاکانی مافی ژنان بەردەوامە.

جێگای ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نییە کە دامەزراوە کرێکاری و چەپەکان داوای هاودەنگی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەکانی ژنان دەکەن.