ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، کاک جەمیل ئەحمەدی ناسراو بە جەمیل نەوسوودی، هونەرمەندی ناوسراوی دەڤەری هەورامان، کۆچی دوایی کرد.
کاک جەمیل، هونەرمەندێکی دیاری ناوچەی هەورامان بوو کە لە بواری گۆرانی و بەتایبەتی سیاچەمانەدا خزمەتێکی زۆری بە هونەر و فەرهەنگی هەورامان کردووە.
کاک جەمیل، مرۆڤێکی کوردپەروەر، نیشتماندۆست و خۆشەویستی خەڵک بوو کە ماوەی چەند ساڵ وەکوو پێشمەرگە لە هێزی شاهۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، چەکی بەرگری لە نیشتمانی لە شان کردبوو.
ناوبراو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەکانی کرماشان و سنە و بەگشتی هەورامان بوو کە کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی پێشکەش بە ئۆگرانی گۆرانیی هەورامی و دەنگە ڕەسەنەکەی خۆی کردووە.
دەنگ و گۆرانییەکانی کاک جەمیل، لەنێو نەسڵی نوێی ناوچەی هەورامانیشدا پێگەی تایبەتی خۆیان هەبوو و کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە خەسارێکی گەورە بۆ هونەر و گۆرانیی هەورامان بە ئەژمار دێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەر و سەرمایە هونەرییەی ناوچەی هەورامان، سەرخوشی لە بنەماڵەی ناوبراو، خەڵكی کوردستان و بەگشتی ئۆگرانی دەنگ و هونەرەکەی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.