کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان پەنای بۆ ڕێگەگەلی جیاواز بردووە

13:02 - 11 رەشەمه 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، لە شاری بانە هەموو كارمەندەكان ئەركدار كراون  کە بە مینیبووسگەلێکەوە كە لەلایەن فەرماندارییەوە تەرخان كراوە بچنە شوێنەکانی دەنگدان و لەوێ وێنە و ڤیدیۆیان لێ بگیرێ، ئامانجی ڕێژیم لەم کارە قەرەباڵغنیشاندانی بنکەکانی دەنگدانە.

بەپێی زانیارییەکان لە مەریوان بە پێچەوانەی پێشتر کە ئەرکی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان لە ئەستۆی هێزی ئینتیزامی بوو، ئەمجارە بەسیج و سپای پاسداران ئەرکی پاراستنەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و کەشێکی ئەمنیەتیی بەسەر شارەکەدا زاڵ کردووە.

ڕێژیم لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان بە ناردنی کورتەنامە بۆ بەکرێگیراوانی خۆی

داوای لێ کردوون کە ئەمڕۆ هەینی، بچنە بنکەکانی دەنگدان تاکوو لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیدا سەرکوتی خەڵک بکەن.

سپای پاسداران لە ڕێگەی بە نائەمن ناوبردنی بنکەکان و بە ئەمنییەتیکردنی بنکەکانی دەنگدان، لە هەوڵدایە مۆرە و بەکرێگیراوەکانی خۆی لەو شوێنانە کۆ بکاتەوە و وای نیشان بدات کە خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

بە پێی زانیارییەکان کاربەدەستانی گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە هەڕەشەیان لە بەندکراوان کردووە و وتوویانە کە دەبێ بە زۆر بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا بکەن.

هێزەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە بەندکراوان کردووە کە ئەگەر بەشداری نەکەن و دەنگ نەدەن لە مافە سەرەتاییەکانیان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە تلفۆن و پێوەندیگرتن و هەرەوها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش دەکرێن.