کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم فەرمانداریی بانە

10:56 - 15 رەشەمه 2723

ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، کۆمەڵێک لە دووکاندارانی شاری بانە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە داخرانی سنوورەکان لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆ بوونەوە و خوازیاری کردنەوەی سنوورەکان بوون.

بەپێی زانیارییەکان  سنوورەکان ماوەی مانگ و نێوێکە لەلایەن ڕێژیمەوە داخراون و ئەمە زیانێکی زۆری بە دووکانداران و کاسبکارانی ئەم شارە گەیاندووە.

شاری بانە یەکێک لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەتایبەت لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵ و ماوەی نەورۆزدا، گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن و بەشێکی زۆر لە داهاتی ئەم دووکاندار و کاسبکارانە لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی کاڵا و شتومەک بە گەشتیارەکان دابین دەکرێ.

داخرانی سنوورەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئابووریی کاسبکارانی ئەم شارە دەبێت و لە بواری ئابوورییەوە تووشی کێشەیان دەکات.

ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بە بێ گرینگیدان بە دۆخی ژیانی خەڵکی ئەم سنوورانە و بە داخستنی سنوورەکان، زیانێکی ئێجگار گەورە بە کەرتی ئابووری شارەکە دەگەیێنن.