کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید و ئێران بۆ ئازادیی چالاکانی مافەکانی ژنان

11:16 - 15 رەشەمه 2723

پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید و ئێران لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو چالاکانی مافی ژنان، نووسەران، چالاکانی سەندیکای کرێکاران و مامۆستایان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرد.

لەو بەیاننامەدا بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتووە: ئاڵوگۆڕ و خۆپیشاندانەکان لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی ژینا تاکوو ئێستاش لە ئێران بەردەوامە و ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە خۆپیشاندانەکان بۆ جارێکی تر هەموو هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی هێناوەتە گۆڕەپانەکە و هاوکات بە پشتبەستن بە گەڵاڵەی "عیفاف و حیجاب" لە هەوڵدایە تا درێژەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرکوت بکات.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بەشدارینەکردنی زۆرینەی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا کراوە و ئەوەش بە بڕگەیەکی دیکە لە بەردەوامیی خەبات لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ژینا لە قەڵەم دراوە.

پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید و ئێران ڕایگەیاندووە: سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی، ژنانی خەباتگێڕ لە ئێران نە تەنیا بێدەنگ نەبوون بەڵکوو لە ڕێگەی نافەرمانیی مەدەنی و ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ژینا درێژەیان بە خەباتی جۆراوجۆری خۆیان داوە کە لەلایەن ئەنجومەنە سەربەخۆ کرێکارییەکان، هونەرمەندان، نووسەران، خانەنشینکراوان، پەرستاران، چالاکانی مەدەنی و سیاسییەوە بۆ کۆتاییدان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و مافی یەکسان و هەڵوەشاندنەوەی منداڵ هاوسەری، پشتیوانییان لێ کراوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژن کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناودێر کراوە بە فەرمی ناناسێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران خۆی یەک لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.