کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی وزەی ناوکی سەبارەت بە هاوکارینەکردنی ڕێژیم نیگەرانە

11:42 - 15 رەشەمه 2723

ڕافائێل گرووسی، بەرپرسی ئاژانسی وزەی ناوکی، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەمە، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئاژانسدا سەبارەت بە چالاکیی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، نیگەرانیی دەربڕی و ڕایگەیاند: جارێکی دیکە داوا لە ئێران دەکەم کە بە تەواوەتی و بەڕوونی درێژە بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس بدات.

بە وتەی گرووسی، ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەدیی ئێران کەمی کردووە بەڵام کۆی گشتیی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو هەروا لە بەرزبوونەوەدایە.

ڕێژیمی تاران سەبارەت بە دانانی کامێراکانی ئاژانسی وزەی ناوکی بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا دیسانەوە پێشی بە چوونەژوورەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ناوکی گرت.

زیاتر لە ساڵێکە کە ٣٥ ئەندامی بەرپرسایەتیی ئاژانسی وزەی ناوکی بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، ئێرانیان بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانس ئەرکدار کردووە تاکوو بتوانێ لێکۆڵینەوەکانی خۆی سەبارەت بە ڕێژەی پیتێندراوی ئۆرانیۆم لە سایتەکانی ئێراندا بە ئەنجام بگەیێنێت.

ملنەدانی ڕێژیم بە هاوکاریی ئاژانس، هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچە و بەردەوامیی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و وا وێدەچێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەم دۆخەدا خوازیاری تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ ڕێژیم نین.