کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی حوسییەکان و بەرگرییەکانی ئەمریکا

11:56 - 15 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندی سپای ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، هێرشەکانی حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بوون و ئەم گرووپە سێ مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەمە، حوسییەکان مووشەکێکی بالیستیکی دژە کەشتیان ئاراستەی باشووری دەریای سوور کرد، بەڵام ئەم مووشەکە بەر ئاوەکە کەوت و زیان بە کەشتیەکان نەگەیشت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران دوو مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتییان ئاراستەی کەشتییەکی کانتینێری سویس کرد.

یەکێک لە مووشەکەکان بەر کەشتییەکە کەوتووە و زیانی پێگەیشتووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان هیچ کەسێک زیانی پێنەگەیشتووە.

ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دوو مووشەکی کرووزی حوسییەکانی کردووەتە ئامانج کە مەترسییەکی نزیک بوون.

ئەمریکا لە هێرشە بەرگریکارەکانی خۆی بۆ سەر پێگەکانی نێو وڵاتی یەمەن کە حوسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا بەکاری دەهێنن بەردەوامە.