کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی لە بەشداریکردنی سپای پاسداران لە پیشانگای نێودەوڵەتیی قەتەر

12:07 - 15 رەشەمه 2723

ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی ڕەخنەی لە بەشداریکردنی سپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی ئێران لە پیشانگای نێودەوڵەتیی بەرگریی دەریایی دۆحەی قەتەری کردووە و داوا لە دەوڵەتی ئەمریکا دەکات تاکوو قەتەر بە هۆی لادان لە گەمارۆکانی سەر ڕێژیم، وڵامدەر بکات.

مارک واڵاس بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەمە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ شێخ تەمیم ئالەسانی ئەمیری قەتەر جارێکی دیکە بە بەشداریکردنی سپای پاسداران و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پیشانگای نێودەوڵەتیی بەرگریی دەریایی دۆحە، ناڕەزایەتیی نیشان دا.

لەم نامەیەدا بە ئاماژەدان بە گەمارۆی سەر فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران و تەرخانکردنی ژوورێک بۆ وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم لە پیشانگاکەدا، ڕەخنەیەکی توند لە دەوڵەتی قەتەر گیراوە و بڕیاری ڕێگەدان بە بەشداریی ڕێژیم لەو پێشانگایەدا، وەک ڕەواییدان بە سپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی ئێران لە قەڵەم دراوە.

ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی پێشتر لە نامەیەکی دیکەدا بۆ ئەمیری قەتەر ئاماژەی دابوو کە ئەو دڕۆن و مووشەک و چەکوچۆڵانەی کە ئێران لەو پیشانگایەدا خستوویەتییە بەرچاو، لەلایەن ڕووسیە و میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە کار دەهێنرێت.

مارک واڵاس لە نامە نوێکەیدا بۆ ئالەسانی بە ئاماژەدان بە نامەکەی پێشوو نووسیویەتی: هەموو ئەو شتانە کە لە نامەکەدا باس کراوە و هەروەها مەحکوومکردنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاتان لە بەرچاو نەگرتووە و ئەم هەوڵە، پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدایە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا بە ئاماژەدان بە پشتیوانیی قەتەر لە گرووپی حەماس و ڕێگەدان بە ڕێبەرانی ئەو گرووپە لە خاکەکەیدا هاتووە کە سپای پاسداران تەنیا گرووپێکی تێرۆریستی نییە کە لەلایەن قەتەرەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.

هەروەها لەو نامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە قەتەر بە وەرگرتنی ڕێبەرانی حەماس لە وڵاتەکەیدا و دابینکردنی دارایی بۆیان، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە هێرشی تێرۆریستیی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەبووە.