کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل و حەماس بە مەبەستی قەبووڵکردنی ئاگربەستی شەش حەفتەیی

12:08 - 15 رەشەمه 2723

بە هۆی ڕادەستنەکردنی لیستەی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیل ئاگربەستی شەش حەفتەیی قەبووڵ ناکات و چارەنووسی ئەم ڕێککەوتنە لە بەرەبەری مانگی ڕەمەزاندا ناڕوونە.

کامێلا هەریس، جێگری سەرۆکۆماری ئەمریکا وێڕای گوشارخستنەسەر لایەنەکانی شەڕەکە، داوای لە حەماس کرد کە دەسبەجێ ئاگربەستەکە قەبووڵ بکات و داوای لە ئیسرائیلیش کرد کە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ غەززە هاوکاریی زیاتر بکات.

ئەم بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا وتی بە هۆی لەڕادەبەدەربوونی ئازار و دۆخی نامرۆڤانەی زاڵ بە سەر غەززەدا، دەبێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و حەماس ئەم ئاگربەستە قەبووڵ بکات و دەوڵەتی ئیسرائیلیش بە بێ هیچ بیانوویەک، هەوڵی زیاتر بۆ پەرەسەندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بدات.

پاش بەرەوپێشچوونی ئەرێنیی ڕەوتی وتووێژەکان و ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەسەر چوارچێوەی ئاگربەستەکە، بە هۆی ڕادەستنەکردنی لیستەی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیلیش وتووێژەکانی بە نیوەچڵی بەجێ هێشت.

پاش ڕۆیشتنی هەیئەتی حەماس بۆ میسر، بەرپرسێکی فەلەستینی ڕایگەیاند کە هێشتا ڕێککەوتنێک نەکراوە و لە ماوەی وتووێژەکانی ڕابردوودا، حەماس هەوڵی داوە لە وتووێژ سەبارەت بە بارمتەکان و دیاریکردنی مەرج بۆ ئازادکردنیان خۆ ببوێرێ.

لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵدا کە کوژرانی ١٢٠٠ کەس و بەدیلگیرانی ٢٥٣ هاووڵاتیی ئیسرائیلی بەدواوە بوو، ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر غەززەی دەست پێ کرد کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار فەلەستینی لە درێژەی ئەم هێرشانەدا کوژراون و بەشێکی بەربڵاو لە غەززە وێران بووە و وێڕای ئاوارەبوونی دانیشتوانی غەززە، یەک لەسەر چواری ئەو خەڵکە، لەگەڵ قاتوقڕی بەرەوڕوو بوونەتەوە.