کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پلەی یەکەمی لەسێدارەدانی ژنانی هەیە

12:09 - 15 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە شازەهەمین ڕاپۆرتی ئاماری سزای لەسێدارەدان لە ئێران لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە پاریس بە هاوکاریی ڕێکخراوێکی فەرانسەوی بڵاو کرایەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لانیکەم ٨٣٤ کەسی لە ئێراندا لە سێدارە داوە و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوو واتە ساڵی ٢٠٢٢ ی زایینیدا ٥٨٢ کەس بووە و بە بەراوردکردنی ئامارەکان دەردەکەوێت لە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵێکدا ٤٣ لەسەد زیادی کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەپێی ئامارەکان و بە بەراورد لەگەڵ ١٦ ساڵی ڕابردوو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین ڕێژەی هاووڵاتییان لە ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

لە کۆی گشتی ئەو ٨٣٤ کەسەی کە ئەمساڵ لە ئێران لە سێدارە دراون، ٤٧١ کەس بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، ٢٨٢ کەس بە تۆمەتی پێوەندیدار بە کوشتن، ٣٩ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی و موحاربە و افساد فی‌الارض، ٢٠ کەس بە تاوانی دەستدرێژی ڕەگەزی و ٢٢ کەسی دیکەش بە تۆمەتی ناڕوون لەلایەن دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

لەو ڕاپۆرتە دا هاتووە لەو ٣٩ کەسە کە بە تۆمەتی ئەمنییەتی و موحاربە لە سێدارە دراون، ٦ کەسیان لە شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوون، ٨ کەسیان بەندکراوی سیاسیی کورد ، ٧ کەسیان بەندکراوی سیاسیی بەلووچ و ٣ کەسیان بەندکراوی سیاسیی عەرەب و دوو کەسیان ئەفغانیان بوون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢ منداڵ و ٢٢ ژن لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران لە سێدارە دراون، و لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینیەوە هەتا ٢٠٢٣، ڕێژیمی ئێران ٢١٠ ژنی لە ئێران لە سێدارە داوە، و بەم پێیە ڕێژیمی ئێران یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنانی هەیە.

٨٥ لەسەدی کۆی لەسێدارەکان کە لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣دا هاتووە، واتە ٧٠٩ ‌حاڵەتی لەسێدارەدان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی "پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان"ی فەرانسە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە پرسی تایبەت بە مافی مرۆڤی ئێران لەبەرچاو بگرن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ئەو پێشێلکارییانە بێننە بەر باس.