کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی گەمان: بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردەنەکان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٠ لەسەد دەبێت

13:25 - 11 رەشەمه 2723

دامەزراوەی ''گەمان'' ئەنجامی دوایین ڕاپرسیی خۆی سەبارەت بە بەشداریی خەڵک لە ئێران لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمەدا، بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ لەسەد دەبێت.

بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیی دامەزراوەی گەمان کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەمە، بڵاو کرایەوە، نزیکەی ٧٤ لەسەدی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی مەجلیس و نزیکەی ٧٥ لەسەدیش هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگاندا بەشداری ناکەن.

پێشتر، زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بنەماڵەی دادخوازەکان، حیزب و گرووپە سیاسییەکان داوایان لە خەڵکی ئێران کردبوو کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.

هەروەها پێشبینییە سەربەخۆ و نافەرمییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە، بە شیوەیەکی بەرچاو کەم دەبێت.

دامەزراوەی گەمان حەوتوویەک لەمەوبەریش لە ڕاپرسییەکدا ڕایگەیاندبوو کە لە وڵامی پرسیاری "کۆماری ئیسلامی: بەڵێ یان نەخێر؟" لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا، نزیکەی ٧٥ لەسەدی بەشداربووان "نا بۆ کۆماری ئیسلامی"یان هەڵبژاردووە.