کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر بەهاییەکان

08:22 - 16 رەشەمه 2723

کۆمەڵگەی نێونەتەویی بەهاییەکان ڕایگەیاندووە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٣٠ گۆڕی لە گۆڕستانی بەهاییەکان، ناسراو بە گۆڕستانی گوڵستانی جاوید لە تارانیان، تێک داوە.

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەهایی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی ڕێژیم هێمای سەر گۆڕەکانیان لا بردووە و بە لۆدێر سەری گۆڕەکانیان ساف کردووە و هیچ نیشانەیەک لە گۆڕەکان نەماوە و وادیارە کە هیچکات گۆڕێک لەو شوێنەدا بوونی نەبووە.

نوێنەری کۆمەڵگەی بەهایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە خەم و ئازاری ئەو بنەماڵانەی کە کەسی نزیکی خۆیان لەدەست داوە ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئازارێکی گرانتر و نوێیان بە سەر ئەم بنەماڵانەدا سەپاندووە کە نامرۆڤایەتیی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنێت.

سیمین فەهەندێژ ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم گۆڕی ئەو کەسانەی کە لە مانگەکان و تەنانەت حەفتەکانی ڕابردووش ئەسپەردەی خاک کراون، تێکداوە و وێرانی کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەک لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەهایی، سەرەڕای ئەوەی کە زەوی گۆڕستانی جاوید موڵکی خۆیانە بەڵام مەئموورێکی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ ئەسپەردەکردنی بەهاییەکان لەو گۆڕستانە داوای پارەیەکی زۆریان لێ دەکات.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێژیم گۆڕستانی کەمییەنە ئایینەکان بەتایبەت کەمینەی بەهایی خاپوور دەکات، سەرتاکانی هاتنەسەرکاری ڕێژیم گۆڕستانی پێشووی بەهاییەکان لە تاران تێکدرا و  "فەرهەنگسەرا"ی خاوەران لە شوێنەکەی دروست کرا.

ڕێژیمی ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بەردەوام پێشێلی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی کردووە و بە شێوازگەلی جۆراوجۆر ئازاری داون.