کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالستیکی ڕادەستی ڕووسیە کردووە

09:29 - 16 رەشەمه 2723

گرانت شاپس وەزیری بەرگریی بریتانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی "هاوس" ڕایگەیاند کە بریتانیا زانیاریی لەسەر ئەوە هەیە کە ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالستیکی زەوی بە زەویی ڕادەستی ڕووسیە کردووە تاکوو لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەرگرێ.

هەروەها ناوبراو وتی کە چ بە ڕادەستکردنی مووشەکی بالستیک بێ یان پەهپادی شاهێد بە ڕووسیە، ئێمە بینیومانە کە لە هەر جێگایەک کێشە و ئاڵۆزیەک هەبێ هۆکارە سەرەکییەکەی ڕێژیمی ئێرانە و ئەو ڕێژیمە دەستی تێدا هەیە؛ ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە تەنیا کاریگەریی نەرێنی ناخاتە سەر ناوچەیەک بەڵکوو کاریگەریی لە سەر ئورووپاش هەیە.

لەم پێوەندییەدا ڕۆیتێرز لە دەستپێکی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران نزیک بە ٤٠٠ مووشەکی رادەستی ڕووسیە کردووە کە زۆربەیان لە جۆری مووشەکی کورت هاوێژی فاتح-١١٠ و زوئەلفقار بوون و توانای ئەوەیان هەیە کە لە ٣٠٠ هەتا ٧٠٠ کیلومێتریەوە ئامانجەکە بپێکن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردوودا ئێران و ڕووسیە بە واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی ئەمنی و نیزامی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە، لەسەر پێدانی مووشەک و پەهپاد و چەکی قورس بە ڕووسیە ڕێککەوتوون.