کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەریبا بەلووچ خەڵاتی نێودەوڵەتیی ژنانی بوێری ساڵی ٢٠٢٤ـی بەدەست هێنا

09:52 - 16 رەشەمه 2723

فەریبا بەلووچ، چالاکی مافی ژنان و خەڵکی بەلووچستان، لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی جیل بایدن خانمی یەکەمی ئەمریکا و ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ژنانی بوێری ساڵی ٢٠٢٤ی وەرگرت.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەمە، فەریبا بەلووچ لەم ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند کە وەک نوێنەری هەموو ژنە ئازاکانی بەلووچستان و ئێران لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادەیە و ڕایگەیاند: من وەکوو مامۆستا لە بەلووچستان چالاکیم دەکرد و دوای ئەوەی کۆچم کرد بۆ بریتانیا، وەکوو چالاکی مافی مرۆڤ کارم کردووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئامانجم ئەوە بوو کە دەنگی ژنانی ئێران و دەنگی خەڵکی ئێران و دەنگی ئەو ژن و پیاوانەی بەلووچستان بم کە ساڵانێکی زۆر بەهۆی بەلووچ بوون و ژن بوونیانەوە ئازاریان چەشتووە و چەوسێنراونەتەوە.

هەروەها وتی : ئەمڕۆ هەستێکی جیاوازم هەیە، هەست بە دڵتەنگی دەکەم بەهۆی ئەو ژنە ئازایانەی ئێران کە بۆ کەمترین مافەکانیان شەڕ دەکەن یا لە زیندانەکاندان و دەکوژرێن.

فەریبا بەلووچ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: ئەم خەڵاتە بۆ ئەو ژنانەیە کە بوون بە سەرمەشق، ئەم خەڵاتە بۆ ماهۆ بەلووچە، کە لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی کە کرایە سەری بێدەنگ نەبوو، ئەمڕۆ دڵخۆشم کە بووم بە دەنگی ماهۆ و ژنانی ئێران لە شەقام و زیندانەکاندا، ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو زوڵم و ستەمە کە لە دژی ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە بە ئاماژەدان بەوەی کە ناوی فەریبا بەلووچ لە نێوان ١٣ براوەی ئەو خەڵاتەدایە ڕایگەیاند کە ئەو بە ڕاشکاوانە باس لە مافەکانی ژنان و قەیرانەکانی مافی مرۆڤ لە سیستان و بەلووچستان دەکات کە توندوتیژی و ئێعدام و هەڵاواردنی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران کاریگەریی لەسەریان داناوە.