کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندیی نێوان ڕووداوە سیاسییەکان و لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە

10:09 - 16 رەشەمه 2723

بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە وتووێژێکدا پێوەندیی ڕووداوە سیاسییەکان و لەسێدارەدانەکانی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە خستە بەر باس.

مەحموود ئەمیری موقەدەم ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە بە بۆنەی ڕاپۆڕتی ساڵانەی سێدارە لە ئێران، وتی: لەسێدارەدانەکانی ئێران لەگەڵ ڕووداوە سیاسییەکان پێوەندییان هەیە و چڕتربوونەوەیان پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگایە.

ئەمیری موقەدەم بە ئاماژەدان بە ترسی ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکان و پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان وتی: کاتێ حکوومەت لە خۆپیشاندان بترسێت لەسێدارەدانەکان زۆرتر دەکات و کاتێکیش پێویستی بە خەڵکە وەک کاتی پێش هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی لەسێدارەدانەکان دەهێنیتە خوارەوە.

ئەمیری موقەدەم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان بەتایبەت لەسێدارەدانی کەسانی تۆمەتبار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان بە هۆی کەمبوونەوەی گوشارە نێونەتەوەییەکانە و ئەمە دەستی ڕێژیمی ئاوەڵا کردووە.

بە وتەی ئەمیری موقەدەم ئەگەر گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر ڕێژیم زیاتر نەبێت و ڕێژیم تێچوویەکی سیاسی نەدات، ڕێژەی لەسێدارەدانەکان هەر بەم شێوەیە زیاتر دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسێدارەدانەکانی ئێران کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی ٨٣٤ کەس لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون و کە بەرزبوونەوەیەکی ٤٣ لەسەدی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووی بە خۆیەوە بینیوە.