کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازیی لێ کرا

17:59 - 11 رەشەمه 2723

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەدا بەناوهەڵبژاردنێکی دیکە بۆ خولی دوازدەهەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و خولی شەشەمی مەجلیسی خێبرەگانی ڕێبەری بەڕێوە برد و بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەم بەناو هەڵبژاردنانە لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە بایکۆت کراوە.

لە کوردستان سەرەڕای هەموو هەوڵ و پیلانەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەشی هەرە زۆری خەڵكی کوردستان هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد و جارێکی دیکە وڵامی "نا"یان بە ڕێژیمی ئێران دایەوە.

بەپێی زانیارییەکان و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاو بوونەتەوە لە شارەکانی مەهاباد، نەغەدە، بانە، بۆکان، پیرانشار، سەقز، سنە، ورمێ، کرماشان، مەریوان، شوێنەکانی دەنگدان چۆڵن و هیچ بەشدارییەکی خەڵکی پێوە دیار نییە.

هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەمە، یەکەم هەڵبژاردن دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"ـە کە لەو ماوەیەدا سەدان کەس بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.

ڕاپرسی و پێشبینییەکانیش پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵک بە دۆخی ژیان، سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، کەشی داخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران زۆر نزم دەبێت.

بەپێی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی گەمان ڕێژەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئێستای ئێران ٧٣ لەسەد دەبێت و هۆکاری سەرەکیی بەشدارینەکردنی خەڵک، دژایەتی لەگەڵ تەواوییەتی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییە.

هاوکات لەگەڵ بلاوبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر وێنە وڤیدیۆی تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و ئێران، میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدعای گەرموگوڕیی هەڵبژاردنەکانیان کردووە .

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی مەجلیسی ڕیژیمدا کە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٨ بەڕێوە چوو، تەنیا ٤٢.٥ لەسەدی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان کردووە، کە ئەمەش نزمترین ڕێژەی بەشداری خەڵک لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا بووە بەڵام پێدەچێت، بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، ڕێکۆردی بەشدارینەکردن لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بشكێنێ.