کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرینگترین کۆد

14:17 - 16 رەشەمه 2723

شەماڵ تەرغیبی

لە ڕێبەندانی ساڵی ٥٧ی هەتاویدا و پاش چەند ساڵ هەوڵ و دانی نرخی قورس لەلایەن گەلانی ئێرانەوە، تاقمێکی کۆنەپەرست توانییان باڵی نگریسیان بەسەر شۆڕش و بەشێکی بەرچاو لە شۆڕشگێڕانی ڕاپەڕیو لەدژی سیستمی سەرەڕۆی پاشایەتیدا بکێشن و هەوڵ و نرخی ئەوان بەفیڕۆ بدەن؛ ئەمە تەنیا سەرەتایەک بوو بۆ تاڵانکاری و تاوانی زیاتر لە هەموو ئاست و ڕەهەندەکانی ژیانی دانیشتووانی ئەو جوغڕافیایەی کە پێی دەوترێ "ئێران".

زۆرجار گوتراوە کە شۆڕشی ساڵی ٥٧، دوایین شۆڕشی کلاسیکی سەدەی بیستەم بوو کە گۆڕانکاری بنچینەیی لەسەر گرێچن و گشتییەتی ئەم وڵاتەدا پێک‌هێنا؛ گۆڕانێک کە بە چاوخشاندنێکی سەرەپێیی دەردەکەوێ لەگەڵ ئەوەیکە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەی گرتەوە بەڵام هەموو جەمسەرەکانیشی بەرەو پاش بردەوە!

یەکێک لەو ڕەهەندە گرینگانە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران داناوە، بیاڤی "سیاسەتی دەرەکی" ئێرانە کە لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریی دەوڵەتە یەک‌لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە و بەپێی سرووشتی کاری حکومەتداریش، ڕێکخستن، بەرینایەتی و ئاستی دیپلۆماسی هەر وڵاتێک گرێ دراوە بە بنەما فکرییەکانی ئەو حکوومەتەوە؛ کە ئەم ڕاستییە کاریگەریی لەسەر پێوەندییە ئابووری، فەرهەنگی و ئینسانییەکانی نێوان وڵاتانیش دادەنێت و کاریگەرییان لێ وەردەگرێ!

لەدوای شۆڕشی ساڵی ٥٧، تازەبەدەسەڵات‌گەیشتووانی تاران، بناغەی سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامییان لەسەر چەمکێکی ناڕوون دامەزراند؛ چەمکی "استکبارستیزی"!

دواتریش بۆ پێناسەی ئەم چەمکە ناڕوونە ڕاگەیەندرا کە ئامانج، داکۆکیکردن لە مافی هەموو موسوڵمانانی جیهانە، بەڵام زۆری پێ نەچوو کە بەشێک لە ڕەوتە ئیسلامییەکان و وڵاتانی باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام کە بۆخۆشیان هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی دژی ڕۆژاوا بوون، لە لیستی دژی کۆماری ئیسلامیدا جێیان گرت و ئەم سیاسەتە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی تەمەنیدا لەگەڵ شکستی جەوهەری بەرەوڕوو بوویەوە و لە نێوەڕۆک بەتاڵ کرا.

بەبارمتەگرتنی کارگێڕانی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران لە ساڵی ٥٨، شەڕی ئێران و عێراق، ڕووداوە پێوەندیدارەکان بە فیتوای کوشتنی سەلمان ڕۆشدی، پەلامارە تێرۆریستییەکان لە خاکی وڵاتانی ئورووپایی، بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی تاران، ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆره‌كان له‌ لوبنان و كوه‌یت و ئه‌مارات و عه‌ره‌بستان و کێشە دیپلۆماتیکەکان لەگەڵ عەرەبستان و عێراق، وڵاتانی کەنداو، وڵاتانی دەوروبەری زەڕیای خەزەر و ئاسیای ناوەندی، دژایەتیی ئیسڕائیل و پشتگیری لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران له‌ عێراق و .... تەنیا بەشێکن لەو سیاسەتە گشتییانەی کە تاران لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەییدا ڕەچاوی کردوە.

کۆماری ئیسلامی لەژێرناوی "ئیسلام" پشتیوانی لە ڕەوتە شیعە توندئاژۆکان دەکات تاکوو بە خەونە دێرینەکەی واتە سازکردنی ئیمپڕاتووریەتی شیعەی ویلایەتی بگات و بە خستنەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتانی ناوچە بە نه‌خشه‌ی "هیلالی شیعی" خۆی ببێتە سەرکردەی بەرەیەکی پانوبەرینی ناوچەیی و دواتریش جەمسەرێکی بەهێز بۆ دژایەتیکردنی ڕۆژاوا. لەم ڕاستایەشدا و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی پاش شۆڕش، شەڕێکی ئابووریی سەختی لەگەڵ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران وەڕێ خست کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و ڕوونە کە دووکەڵی ئەم ئاگرە بێبەزەییە تەنیا و تەنیا دەچێتە چاوی خەڵکانی نیشتەجێ لەو جوغڕافیا سیاسییە.

ئەگەرچی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا دژایەتی و دوژمنایەتییەکانی خۆی تەنیا لەگەڵ ئامریکا و ئیسڕائیل دەهێنایە سەر زمان، بەڵام زۆری پێ نەچوو دەرکەوت ئەم دژایەتییانە کۆی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانی ڕێژیم نین؛ ئەم ڕاستییەش لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەڕوونی خۆیان پیشان داوە بەچەشنێک کە تەنانەت عەلی خامنەیی وەک جێگری خومەینی و بڕیاردەری سەرەکی بۆ دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی ڕێژیم لە ساڵی ٢٠١٣، بەفەرمی سەبارەت بە گەلانی ئورووپایی گوتی: "نژادە ئورووپاییەکان وەحشین. ئەوان ڕواڵەتیان جوانە، کڕاوات دەبەستن و ئۆدکلۆن لێ دەدەن بەڵام ناخیان هەر ئەو جەوهەرە وەحشییەیە کە لە مێژوودا هەبووە و ئێستەش هەیە."

لێرەدا بۆ ڕوونبوونەوەی ئەم مژارە لە دوو ڕەهەندەوە باسەکە شڕۆڤە دەکەین؛ یەکەم "دیپلۆماسی فەرهەنگی" وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەکی و دووهەم، "دیپلۆماسی هەڵخەڵەتاندن و فریودان".

سرووشتییە کە هەموو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ئاستی دەرەکی یان بۆ جێگیرکردنی سیاسەتە دەرەکییەکانی پێویستیی بە هەندێک ئامراز هەیە؛ وەك چۆن ئابووری، پرۆپاگەندە، هێزی سەربازی، كه‌لتوور و ئایدیۆلۆژی، وەك ئامرازی سیاسەتی دەرەوە بەكار دێن، دیپلۆماسییش ئامرازێكە یان میكانیزمێكە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە؛ بەڵام دیپلۆماسیی گشتی، بەرفراوانتـرە لە دیپلۆماسیی فەرمی و هەموو ئامرازە فەرمی و نافەرمییەكانیش دەگرێتەوە، بەتایبەت ئامرازەكانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن دەوری سەرەکی و تەنانەت یەکلاکەرەوە دەگێڕن كە بۆ كاریگەریخستنە سەر ڕای گشتی، جێبەجێكردنی بەرنامەی ستـراتیژی، بەرنامەی پەروەردە و كه‌لتووریی وڵاتێكە بە مەبەستی دروستكردنی پشتیوانیی دەرەكی لە سیاسەتی دەرەوەیدا.

كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم ڕاستایەدا هه‌موو ئامراز و جۆره‌كانی هێزی (ڕه‌ق و نه‌رم) بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی خۆی به‌كار هێناوە و بەکار دێنێت.

لە ساڵانی پاش شۆڕش و هاوکات لەگەڵ شەڕی ٨ ساڵە، ڕێژیم هەوڵی دەدا لە ئامرازی ڕەق بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە کەڵک وەربگرێت، بەڵام لە پاش فڕکردنی جامی ژەهر و کۆتاییهاتنی شەڕ، تاکتیکەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و کۆماری ئیسلامی زیاتر ڕووی لە هێزی نەرم کرد و بەتەواوی درکی بەو ڕاستییە کرد کە تواناییەکانی هێزی نەرم هەم کەمتێچووترن و هەم کاریگەری و شوێندانەرییان زیاتر و تەمەندارترە بۆیە هاوتەریب لەگەڵ هێزی ڕەق و بەهێزکردنی ئەم بەشە کەڵکیان لە هێزی نه‌رم و دیپلۆماسی فەرهەنگیش وەرگرت؛ له‌ ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه هەنووکە ڕێژیم بەباشی دەزانێ کە‌ "هه‌نارده‌كردنی شۆڕش"، کە سەرەکیترین ئامانجی ڕێژیم لە بیاڤی سیاسەتی دەرەکییە، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ بەئەنجام ناگات‌، به‌ڵكوو چه‌ندین ڕێگه‌ و ڕێوشوێن و میكانیزمی جۆراوجۆری دیکەش بوونیان هەیە کە دەبێ بیگرێتە ‌به‌ر.

کۆماری ئیسلامی له‌ ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی ئایدیۆلۆژی و به‌ها و پێوه‌ره‌ كو‌لتوورییه‌كانی خۆی‌، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایە كو‌لتوور و په‌یامی خۆی بۆ شوێندانه‌ری و كاریگه‌ری دروستكردن و نفووز په‌ره‌ پێ بدات. به‌شێك له‌ ئامرازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م دیپلۆماسییه‌یش بریتین له‌ بڵاوكراوه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كان كه‌ له‌نێوان کۆمەڵگەکان و ڕێكخراو و دامه‌زراوه‌ ناحكوومییەکاندا‌ ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌مه‌یش بۆ دروستكردنی وێنه‌یه‌كی خوازراو یان ڕواڵەتێکی ئەمڕۆییانە و خەڵکپەسنده‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی هێزی نه‌رم‌. له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاری و په‌یوه‌ندی و ته‌كنه‌لۆژیدا، یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی هێزی ده‌وڵه‌تان دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ ناده‌وڵه‌تییه‌كان و كاریگه‌ریدانانە له‌سه‌ر فه‌زای مه‌جازی‌.

گرنگیدان به‌ ڕه‌گه‌زه‌ به‌هایی و كو‌لتوورییه‌كان له‌ كایه‌ی دیپلۆماسیدا، یه‌كێكه‌ له‌و ئامرازانه‌ی کە بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ. لێره‌وه‌ دیپلۆماسی، چیتر فه‌رمی و له‌نێوان ده‌وڵه‌تان نییه‌ و بواره‌كانی زانیاری و په‌یوه‌ندی و بازرگانی و زانستی و مه‌عریفی و په‌روه‌رده‌ و فێركردن و... لەخۆده‌گرێت.

ئەوەیکە لێرەدا هێمای بۆ کرا تەنیا بەشێکە لەو هەوڵانەی ڕێژیمی تاران کە بەناوی دیپلۆماسییەوە لە نیزیک بە پێنج دەیەی ڕابردوودا لە بیاڤی سیاسەتی دەرەکی خۆی ئەنجامی داوە بەڵام بەگشتی ئەوەیکە لە ئاکار و کرداری کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا دەردەکەوێ ئەو ڕاستییەیە کە هاوشێوەی هەموو بیاڤەکانی تر، لە پانتایی سیاسەتی دەرەکیشدا ڕێژیمی تاران لەسەر بنەمای دژایەتی کردن سیاسەت دەکات؛ دژایەتی ئامریکا، دژایەتی ئیسڕائیل، دژایەتی دنیای عەرەب، دژایەتی ئورووپا، دژایەتی چەمک و جیهانبینییە نوێکان، دژایەتی بڕیارنامە و میساقە نێونەتەوەییەکان، دژایەتی مافەکانی مرۆڤ و ....

بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتر، ئاماژە بە قسەیەکی ئادۆڵف هیتلێر دەکەین کە دەڵێ: "تەنانەت ئەگەر هیچ دوژمنێکیشت نییە، وەها بنوێنە کە وڵات لە مەترسی‌دایە. چوونکە کاتێک خەڵک بترسن، ئامادە دەبن ببنە کۆیلەت و بۆ ڕزگاربوون لەو ترسەی خراوەتە زەینیان ئامادەن پێڕەوی لە سیاسەتوانان بکەن و ملکەچ بن!"

ئەم قسەی هیتلێر بەتەواوی مانا لە سیستمی دەسەڵاتداری ئێستەی ئێران وەڕاست دەگەڕێ؛ بەو واتایە کە سەرانی کۆماری ئیسلامی لەڕاستای دامرکاندنەوەی ویستە ڕەواکانی گەلانی ئەم وڵاتە و خۆدوورگرتن لە جەوهەری ڕاستەقینەی باس و بابەتەکان ناچارن خەڵک بە پرسە لاوکییەکانەوە سەرقاڵ بکەن و بە سازکردنی دوژمنی فەڕزی و زەینی بۆیان، کە دەچێتە خانەی دیپلۆماسی هەڵخەڵەتاندن، هەوڵ بدەن ئاراستەی بیرکردنەوە و کردارەکانی کۆمەڵگە بگۆڕن. بۆ نموونە پاش سەرهەڵدانەکانی وڵاتی سووریە و تەنگەتاوبوونی دەوڵەتی ئەسەد، کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی هەندێ سیناریۆ و یەک لەوان سازکردن و دنەدانی گرووپگەلی تیرۆریستی وەک داعش، هەم ڕەوایی بە پرسی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە دا، هەمیش خەڵکانی ئێرانی ترساند کە ئەگەر "مدافعین حرم" نەبن ئەوا تیرۆریستەکان دەگەنە تاران و دەبێ لەوێ شەڕیان لەگەڵ بکرێ! لەژێر سێبەری ئەم پاساوەش خەڵکێکی زۆریان هەڵخەڵەتاند تاکوو مەجالێک بدۆزنەوە بۆ تاڵانی زیاتری سامانەکانی وڵات، سەرقاڵکردنی خەڵک بە دوژمنە فەرزییەکان، پەرەدان بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش و هەوڵدان بۆ قایمکردنی جێپێی تاران لە ناوچە و لە ئەنجامدا سازکردنی "هیلالی شیعی".

بە دیوێکیتردا "دوژمن" بۆ کۆماری ئیسلامی "کۆد"یکی گرینگە کە بەهۆیەوە خەڵک و داواکارییەکانیان لە کۆڵ دەکەنەوە و لەهەمان کاتیشدا ڕێگە بۆ دیپلۆماسی شەڕ خۆش دەکەن و ڕەوایی بە دەستێوەردان و خوێنڕشتنەکانیان دەدەن.

بەکورتی ئەوەیکە ئەمڕۆ پاش زیاتر لە ٤٥ ساڵ لە ئێران و لە پانتایی سیاسەتی دەرەکی سیستمی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا دەبینرێ، نەمانی ڕەنگی خەنەیەکە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆیەوە تەمەنی خۆی پێ درێژ کردووەتەوە؛ سەلمێنەری ئەم وتەیەش ئەوەیە کە ڕێژیم چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکی و بەتایبەت لای خەڵکانی وڵاتانی دەوروپشت هیچ ڕەواییەکی نەماوە و دڕاندن و سووتاندنی وێنە و بەنێر و پووستێرەکانی خامنەیی و ئاڵای کۆماری ئیسلامی باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم ئیدیعایەیە!