کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی دزی و گەندەڵیی دەیان میلیۆن دۆلاری لە قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران

12:01 - 16 رەشەمه 2723

لە کاتی هاککرانی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم لەلایەن گرووپی عێداڵەتی عەلییەوە، بەڵگەیەک ئاشکرا بووە کە دەرخەری دۆسییەیەکی گەندەڵیی ماڵیی دەیان میلیۆن دۆلاری لە سامانی گشتی لە قەرارگای خاتەمی سپای پاسدارانی ڕێژیمە.

بەپێی بەڵگەی ئاشکراکراو، بەرپرسێکی پێشووی قەرارگای خاتەمولئەنبیا بە کەڵکاوەژوو لە پێگەی خۆی، ژمارەیەک شیرکەتی ماڵدۆڕاو و مایەپووچی لە بواری بورسدا کڕیوە و دەیان میلیۆن دۆلاری لەم ڕێگەوە دزیوە.

لەم بەڵگەیەدا کە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ لەلایەن عەبدوڵڵا عەسگەری فەرماندەی حفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارنەوە واژۆ کراوە، لەژێر ناوی بەڵگەیەکی زۆر نهێنی بە عەلی ئەلقاسی مێهر دادستانی گشتیی و ئینقلابی تاران ڕاگەیەندراوە کە عەباسعەلی قاسمی جێگری وەبەرهێنانی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران بە کەڵکاوەژوو لە پۆست و پێگەی خۆی پشکی شیرکەتە ماڵدۆڕاوە بوورسییەکانی کڕیوە و لەگەڵ کۆمپانییە دەرەکییەکان پێوەندیی هەبووە.

بەپێی بەڵگە نهێنییەکەی سپای پاسداران ئەم گرێبەستانە بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ئەو شیرکەتانەوە هیچ بارمتەیەک دانەنراوە زیانێکی زۆریان بە سامانی گشتی گەیاندووە.

بەم پێیە عەباسعەلی قاسمی جێگری وەبەرهێنانی قەرارگای خاتەمی سپای پاسداران لە ساڵانی ١٣٨٩ و ١٣٩٠ی هەتاویدا گرێبەستی ٦٢ میلیۆن یۆرۆیی لەگەڵ کۆمپانیای سیناکۆی ئێمارات، گرێبەستی ٢٢ میلیۆن یۆرۆیی لەگەڵ کۆمپانیای ستاڕۆڵد و هەروەها گرێبەستی ٣میلیۆن دۆلاریی لەگەڵ کۆمپانیای جی پی جیی سپانیا بەستووە.

لە بەشێکی دیکەی بەڵگە نهێنییەکەدا هاتووە کە قەرارگای خاتەم لە جیاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە لە ڕێگەی دادگاکانەوە، کەسێکی بە ناوی مەشییەتوڵڵا نەورۆزی ئەرکدار کردووە تاکوو لەگەڵ کۆمپانییەکان وتووێژ بکات، بەڵام لە ئاکامدا سەدان میلیارد تمەن لە بوودجەی قەرارگا لەلای کۆمپانییەکان ماوەتەوە.

شایانی باسە کە قەرارگای خاتەمولئەنبیا کە بە باڵی ئابووریی سپای پاسداران دەناسرێت یەکێک لەو چوار دامەزراوەی ڕێژیمە کە زیاتر لە نیوەی ئابووریی ئێرانیان لەژێر دەستدایە.

ئاستانی قودسی ڕەزەوی، ستادی بەڕێوەبەریی فەرمانی خومەینی و بونیادی موستەعزەفان، سێ دامەزراوکەی دیکەن کە لەژێر دەستی خامەنەییدا بەڕێوە دەچن.