کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوچوونی لانیکەم چوار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران

12:05 - 16 رەشەمه 2723

 

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ ڕەشەمە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری ئەراک، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شارەکانی ئەهواز، یەزد و کرماشان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، وەک حەفتەکانی ڕابردوو، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ئەراک، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەردەوامیی پیسبوونی هەوا، کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان بەڕێوە برد.

 بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی خانەنشینکراوانی ئێران، هاوکات کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە بەردەم بینای پارێزگای خوزستان لە ئەهواز و بینای سندووقی خانەنشینی لە یەزد و کرماشان کۆ بوونەوە، ناڕەزایەتییان بەڕێوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد.

 ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و مامۆستایان و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

بە هۆی قەیرانی ئابووری، گرانیی تێچووی ژیان و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانی چین و توێژە جیاوازەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی ئێران لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەردەوام بن.

لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا ناڕازییان ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران بەڵێنی درۆی زۆریان پێ داوین و تا ئەو کاتەی کە خواست و وێستەکانمان دابین نەکەن، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانمان بەردەوام دەبێ.