کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی شەڕی نیوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل

12:10 - 16 رەشەمه 2723

شەڕی نێوان میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئەرتەشی ئیسرائیل درێژەی هەیە و لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕاگەیەندراوە کە شەوی سێشەممە ١٥ڕەشەمە، نزیکەی ٣٠ مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەی کریات شەمونە لە باکووری ئیسرائیل کراون.

هێزی بەرگریی ئیسرائیل لانیکەم ١٠ مووشەکی تێک شکاندووە کە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە ئاراستەی ئەو وڵاتە کرابوون.

ئیسرائیل لەو ڕاگەیەندراوەدا زیادی کرد، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ ئەو هێرشانە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل شارۆچکەی تەیابەی باشووری لوبنانیان کردە ئامانج کە حیزبوڵڵای لوبنان هێرشەکانی ئەم دواییەی لەوێوە دەست پێکردبوو.

لە سەرەتای شەڕی ئێستای غەززەوە، چەکدارانی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران و ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژانە لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە شەڕیان کردووە و ئەو ململانێیانە هەمیشە قوربانیی مەدەنییان لێ کەوتووەتەوە.

 سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی حوولا لە لوبنان ڕایگەیاند کە لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل سێ ئەندامی خێزانێک کە دایک و باوک و کوڕیان تێدایە کوژراون.