کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی حیزب لە بۆکان

14:43 - 16 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، حاجی محەممەد نادری ناسراو بە محەممەدی حاجی قادری کەرێزان، کەسایەتیی نیشتمانپەرور و ئەندامی دێرینی حیزب لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بنەماڵەی حاجی قادری کەرێزان وەک بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و خۆشناوی ناوچەی ئاڵەشین ناسراون.

حاجی قادر باوکی حاجی محەممەد ‌لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێوەندیی لەگەڵ کاربەدەستانی کۆمار هەبووە و یارمەتی و هاوکارییەکانی خەڵکی ناوچەکەی پێ گەیاندوون. حاجی محەممەد پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری، وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان هاوکاریی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی دەکرد و ماڵەکەی لە گوندی کەرێزان وەک بنکەیەکی جێی متمانە بۆ هەموو کادر و پێشمەرگەکانی هێزی بەیان ناسرابوو. هەر بەوهۆیەوە چەندین جار لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە کرابوو، بەڵام تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێباز و ئامانجەکانی حیزب و گەلەکەی مایەوە و گەورەترین ئاواتی، ئازادیی کوردستان بوو.

کوڕێکی حاجی محەممەد بەناوی حەمزە نادری ناسراو بە حەمزە ئیفتخاری ساڵی ‌١٣٦٣ی هەتاوی هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە و بەداخەوە لە ١٣ی ڕەزبەری ١٣٦٥ی هەتاویدا لە شەڕێکی نابەرانبەر لە گوندی حاجیابادی مەجیدخان، هاوڕێ لەگەڵ ٧ هاوسەنگەری دیکەی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

تەرمی حاجی محەممەد لە گوندی کەرێزان و لە پەنا گڵکۆی کوڕە شەهیدەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.