کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی داوای لە وڵاتانی جیهان کرد پێش بە هێرشی حوسییەکان بگرن

08:10 - 17 رەشەمه 2723

وتەبێژی کۆشکی سپی لە کاردانەوە بە کوشتنی ٣ کەشتیوان لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سووردا ڕایگەیاند ئەمریکا داوا لە هەموو دەوڵەتانی جیهان دەکات کە لە هەوڵێکی گشتگیردا پەیوەست بە ئەمریکاوە بن تاکوو پێش بەم هێرشە مەترسیدارانە بگرن.

کارین ژان پیێر ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە بە ئاماژەدان بە نوێترین هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان کە بووە بە هۆی کوشتنی ٣ کەشتیوان و برینداربوونی ٤ی دیکە وتی: حوسییەکان کەسانی مەدەنیی بێتاوان دەکوژن.

پیێر زیادی کردووە کە بە پێچەوانە ئیدعای حوسییەکان کەشتییەکە ئەمریکایی نەبووە و جەختیشی کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی تاران جگە لە مەترسی بۆ سەر بازرگانیی جیهانی، گیانی دەریاوانە بێتاوانە نێونەتەوەییەکانیشی خستووەتە مەترسییەوە.

لەم پێوەندییەدا دەیوید کامێرۆن وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە هەژماری "ئیکس"ی خۆی هێرشی حوسییەکانی مەحکووم کرد و بۆ جارێکی تر خوازیاری کۆتاییهێنان بەم هێرشانە بوو.

بەپێی ڕاپۆڕتی سێنتکام سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابڕدوو مووشەکێکی بالێستیکی دژە کەشتی کە لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانەوە ئاراستەی کەنداوی عەدەن کرابوو، کەشتی "تڕۆکانفیدێنس"ی کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٣ کەشتیوان کوژران و ٤ کەسی دیکەش بەتوندی بریندار بوون و کەشتیوانەکانی دیکەش کەشتییەکەیان بەجێ هێشتووە.

هەروەها تام کاتێن سێناتۆری کۆماریخواز لە هەژماری خۆیدا ڕەخنەی لە لاوازبوونی دەوڵەتی بایدێن گرتووە و ڕایگەیاندووە کە بایدێن ڕێگەی داوە کە گرووپێکی میلیشیایی سەر بە ڕێژیمی ئێران گواستنەوەی نێونەتەوەیی تووشی کێشە بکات و بازرگانیی جیهانی بخاتە مەترسییەوە.

گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن کە بە حوسییەکان ناسراون پاش دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل بە بیانووی پشتیوانیکردن لە خەڵکی غەززە کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج.