کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای باڵای سوید حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری پشتڕاست کردەوە

08:24 - 17 رەشەمه 2723

دادگای سوید لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١دا بە تاوانی دەستێدابوون لە کوشتنی بەندکراوانی سیاسیی ئێران لە ساڵی ١٣٦٧دا حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووریدا سەپاند. ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە، دادگای باڵای سوید داواکاری حەمید نووری بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەی ڕەت کردەوە.

لە مانگی سەرماەزی ڕابردووشدا دادگای پێداچوونەوەی ستۆکهۆڵم، بڕیاری دادگای سەرەتایی و حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووریی پشتڕاست کردەوە و داوکاریی ناوبراوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە ڕەت کردەوە.

حەمید نووری، لە کاتی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بە ناوی حەمید عەباسی، دادیاری دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە گەوهەردەشت بووە و لەلایەن سکاڵاکەرانی تایبەتەوە بە دستتێدابوون لە کوشتاری زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و ئەندامەتی لە هەیئەتی مەرگ تۆمەتبار کراوە.

حەمید نووری مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوید بە حوکمی دادستانی سوید و بە تاوانی ڕۆڵی ناوبراو لە کۆشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.

مەحکوومکرانی حەمید نووری زۆر هەستیارە و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی هەبێ، بەتایبەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، کە یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی هەیئەتی مەرگ بوو.

ڕێژیمی ئێران بۆ ئازادکردنی حەمید نووری و گەڕاندنەوەی بۆ ئێران هەوڵی زۆری داوە و بۆ ئەم مەبەستەش دیپلۆماتکارێکی سویدی بەناوی یۆهان فلۆدرۆسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بە بارمتە گرتووە و داوای کردووە لەگەڵ حەمید نووری ئاڵوگۆڕی بکات .