کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی، سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دژی ژنانی مەحکووم کرد

08:28 - 17 رەشەمه 2723

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوتی ژنان و پێشێلکردنی مافی ژنان مەحکووم کرد.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ترساندنی ژنان لە ئێران و ناچارکردنیان بە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ، دەستیان بەسەر دەیان هەزار ماشیندا گرتووە، هەروەها ژنانی شۆفێر کە گوێڕایەڵی حیجابی زۆرەملێ لەنێو ماشینەکانیاندا نابن، سزای قامچی و پێبژاردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کارانە ڕایگەیاندووە کە ئەم سزایانە هەندێک جار منداڵانی تەمەن ٩ ساڵان دەگرێتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، کۆماری ئیسلامیی ئێران به مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەم سیاسته تۆقێنەرە دژ به ژنان له کامێرای چاوەدێری بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان و هاووڵاتییان کەڵک وەردە گرێت.

هەروەها باس لەوە کراوە کە جگە لەوەش بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام لە شەقامەکان دەگەڕێن و بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی چاوەدێری، زانیاری لەسەر ماشین و سەرنشینەکانی کە حیجابیان لەبەرچاو نەگرتووە، تۆمار دەکەن و بۆ پۆلیسی دەنێرن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەم سیاسەتەی سەرکوت و تۆقاندن، ژنان لە ئێران لە بەرگریی مەدەنی خۆیان دژی حیجابی زۆرەملێ بەردەوامن و ژمارەی ئەو ژنانەی ملکەچی حیجابی زۆرەملێ نابن، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.