کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

12:19 - 20 خاکەلێوه 2724

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

کارمەندانی ئیدارەی بێهزیستی کوردستان، وەک زۆرێک لە موچەخۆرانی دیکە لە ئێران، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ١٨ و ١٩خاکەلێوەی ١٤٠٣، بۆ وەرگرتنی داهاتی پێویست بۆ بژێوی ژیان، لە چەندین شار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

پێشتریش کارمەندانی بێهزیستی بە شێوازی جۆراوجۆر داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کردبوو، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ یەک لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرد.

هاوکات خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چەندین شار لەوانە شووش، دێزفوول، کرماشان و ئەراک کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازی پۆڵا لەبەردەم نووسینگەی سندووقی خانەنشینکراوانی ئەم کۆمپانیایە لە ئیسفەهان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کۆ بوونەوە.

لەو پێوەندییەدا خاوەن ئۆتۆمبێلە گازۆیلیەکان لە سیستان و بەلووچستان ڕۆژی یەکشەممە لە بەردەم کۆمپانیای نەوت لە زابول بە مەبەستی ناڕەزایرتیدەربڕین کۆ بوونەوە.

گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم به چین و توێژه جیاجیاکانی کۆمەڵگا هەر ڕۆژ لە شوێنێکی ئێراندا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، کە بەم بۆنەوە جیا که دواکەوتنی کاروباری ناوەند و ڕیکخراوەکان، ناڕەزایەتییەکان پەرە دەستێنن و بە ڕیکخراوەییتر بەڕێوە دەچن، کە ئەمە نیگەرانیی خودی بەرپرسانی ڕێژیمیشی لێ کەوتووەتەوە.