کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری تێکهەڵچوون

17:50 - 20 خاکەلێوه 2724

پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم لە دەمیشق، بەرپرسانی دوو وڵات بەردەوام هەڕەشە لە یەکتر دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە تاڵ هاینریش وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە دوای شەڕکردن لەگەڵ ئێراندا نییە بەڵام لە هیچ هەوڵێک بۆ پاراستن و بەرگریکردن، خۆ نابوێرێت.

هاینریش زیادی کردووە کە ئەو باڵەخانەی کە کراوەتە ئامانج بنکەیەکی سەربازیی لە ژێر ناوی کونسولخانە بووە و بە هیچ شێوازێک وەک شوێنێکی دیپلۆماتیک کەڵکی لێ وەرنەگیراوە.

لەم پێوەندییەدا هێرتزی هاڵڤی سەرۆکی ناوەندی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە چەند بەرەدا شەڕ دەکات و ئامادەیی هەیە تاکوو وڵامی هەر هەڕەشەیەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بداتەوە.

هاڵڤی زیادی کردووە کە وێڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەبووە بەڵام ئیسرائیل ئاگادارە کە ئەو ڕێژیمە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی لە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا دەکات.

سەرۆکی ناوەندی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژاوایی زانی و ڕایگەیاند کە ئێران، کێشەیەکی جیهانییە.

لە بەرانبەردا سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل و ئەمریکای بە داواکاریی خەڵکی ئێران لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و پشتیوانەکانی لە کردەوەکەیان پەشیمان دەبنەوە.

محەممەد باقری سەرۆکی گشتیی ناوەندی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پیلان و کاتی وڵامدانەوەکە ئەوان دیاریی دەکەن و وڵامەکە بە شێوازێک دەبێت کە بە وتەی ناوبراو زیانێکی زۆر بەر دوژمن بکەوێت و لە کردەوەی خۆی پەشیمان ببێتەوە.

 

هەروەها یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی خامنەیی لە ئیسرائیل وتی: "ئێران وڵامێکی وەها پەشیمانکراو دەداتە ئیسرائیل کە ببێتە هۆی هەڵاتنی هەزاران یەهوودی لە سنوورەکانی لوبنان کە هەموو شەوێک خەو بە مردنەوە دەبینن".

ڕەحیم سەفەوی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ڕواڵەتی ڕایگەیاند کە ڕێژیم ئەرکی تۆڵەسەندنی لە ئیسرائیل خستووەتە ئەستۆی میلیشیاکانی و چاوەڕێی کاتێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانیەتی.

ئەم ڕاوێژکارەی خامنەیی لە قسەیەکی مەترسیدار و فاشیستانە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە: "خەڵکی ئیسرائیل ترسنۆکترین مرۆڤەکانن، هەرچەند کە ئێمە ئەوان وەک مرۆڤ پێناسە ناکەین".