کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئیسرائیل بۆ سپای پاسداران ڕوونە، چیتر لە هیچ شوێنێک ئەمنییەتیان نابێت

17:54 - 20 خاکەلێوه 2724

فابریس بڵانش لێکۆڵەری فەرانسەیی و شارەزای پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئیسرائیل لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم ڕایگەیاند کە لەمەوبەدوا سپای پاسداران لە هیچ شوێنێک ئەمنییەتی نابێت.

بڵانش لە قسەکانیدا بۆ حەفتەنامەی ئێکسپرێس هێرشی حەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیمی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە بەرەنگاربوونەوەکانی دوو لایەن زانی و رایگەیاند ئیسرائیل نیشانی دا کە سپاییەکان تەنانەت لە باڵوێزخانەکانیش ئەمنییەتیان نابێت.

ئەم لێکۆڵەرە فەرانسەییە لە درێژەی قسەکانیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە تا ئێستا ئیسرائیل تەنیا بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی لە دەمیشق کردووەتە ئامانج، بەڵام پاش کردنە ئامانجی کونسولخانەی ڕێژیم نە تەنیا لە ئێران بەڵکوو هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەدیش کردووە.

 

بە باوەڕی ئەم لێکۆڵەرە، ئیسرائیل وێڕای ئەوەی کە دەیهەوێت ڕوونی بکاتەوە کە شەڕی غەززە پرسێکی زیاتر لە حەماس و شەڕێکی ناوچەییە، لە هەوڵدایە تاکوو ڕۆژاواییەکان لە شەڕێکی ساردی نوێ ئاگادار کاتەوە کە ڕۆژاوا دەبێت بەرەنگاری بەرەی ڕووسیە و ئێران بە پشتیوانیی چین ببێتەوە.

فابریس بڵانش هێرش بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم بە شەرمەزارییەک بۆ ڕێبەر و کاربەدەستانی ئێران دەزانێت و پێی وایە کە حکوومەتی ئێران ناتوانێت ڕاستەوخۆ وڵامی ئیسرائیل بداتەوە و تەنیا لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنانەوە ئەگەری هەیە کاردانەوەیەکی هەبێت.

بلانش لەم پێوەندییەدا زیادی دەکات کە لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەیهەوێت کە حیزبوڵڵا ئەو هێرشە بکات تاکوو بەو بیانووەوە مەترسییەکانی حیزبوڵڵا کە دەیان جار زیاتر لە حەماس بەهێزترە، لەنێو ببات.

بڵانش لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی سەرەکییە و ئیسرائیلییەکان وتەکانی خامنەیی سەبارەت بە لەنێوچوونی ئیسرائیل زۆر بە جیددی وەردەگرن.