کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی بەشکۆی ڕێوڕەسمی سێزدەبەدەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

12:04 - 14 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوە کە وەک ڕۆژی سێزدەبەدەر ناسراوە، هاوڵاتییان لە شار و گوند و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە چوونە دەرەوە بۆ ناو سرووشتی جوانی کوردستان و بە گەشت و سەیران و خۆشیکردن کۆتاییان بە پشووی نەورۆزی خۆیان هێنا.

ڕێژیمی ئێران کە ترس و تۆقینێکی زۆری لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی خەڵک بە تایبەت هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەیە وا ئەمجارەش وەکوو بۆنەکانی دیکە بە جێگرکردنی بەکرێگیراوانی خۆی لە ناوشارەکاندا و هەروەها دانانی بازگە لە ڕێگای سەرەکییەکان ڕێگری لە چوونی خەڵک بۆ داوێنی سرووشت دەکرد.

بەڵام هاووڵاتیانی کوردستان وەک هەمیشە بە بەرچاو نەگرتنی گوشارەکانی ڕێژیم لە هەموو شارەکانی کوردستان لە ئیلام تا ورمێ لە ناو دڵی سرووشتی کوردستان خۆشیی خۆیان دەربڕی و ڕێوڕەسمی سێزدەبەدەریان بەڕێوە برد.

جێگەی باسە ڕۆژی سێزدەبەدەر کە بە ڕۆژی سرووشت و ژینگە ناونراوە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە پاڵ سەیران خۆشی بە دابەش کردنی کیسەی تایبەت بە پاشماوە بە سەر خەڵکدا داوایان لە هاووڵاتیان کرد کە لە ژینگەی کوردستان بپارێزن.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەرۆزی کوردەواری ئەمساڵدا بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە ژێر ناوی مشخەڵانی ڕزگاری بە هۆشیارییەکی نەتەوەیی، حەماسەیەکی نوێیان خوڵقاند و ملکەچی هیچ ڕێگری و گوشارێکی ڕێژیمی ئێران نەبوون.