کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکاندنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی حوسییەکان لە هێرشەکانی ئەمریکادا

11:16 - 21 خاکەلێوه 2724

بەرەبەیانی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە سێنتکام ڕایگەیاند کە لە هێرش بۆ سەر بنکە و بارگاکانی حوسییەکان، بەشێک لە کەرەستەی سەربازی و سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەو گرووپەیان تێک شکاندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئیکسدا، هێزەکانی ئەمریکا دوانیوەڕۆی دووشەممە لە هێرشێکی سەرکەوتووانەدا توانیویانە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی، ناوەندێکی کۆنتڕۆڵکردنی دڕۆن و هەروەها دوو مووشەک کە ئامادەی هاویشتن بوون، تێک بشکێنن.

سێنتکام لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هێناویەتی کە هێزەکانیان لە هەوڵێکی دیکەشدا دڕۆنێکی ئەو گرووپە تێرۆریستییەیان لە ئاسمانی دەریای سووردا، تێک شکاندووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە، سێنتکام پشتڕاستی کردووەتەوە کە حوسییەکان هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر کەشتییەکی شەڕکەری وڵاتانی هاوپەیمان ئەنجام داوە بەڵام هیچ زیانێک بەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان و کەشتییە بازرگانییەکان نەکەوتووە.

شایانی باسە کە پاش هێرشەکانی هاوپەیمانیی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور تا ڕادەیەکی زۆر کەمی کردووەتەوە بەڵام هێشتا بەردەوامە.

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، بە بیانووی بەرگریی لە خەڵکی فەلەستین کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج کە ئەمە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی مەودای کەشتییەکان و گرانبوونی شتومک و کاڵا بازرگانییەکان.

ئەمریکا حووسییەکانی بۆ جارێکی دیکە لە مانگەکانی ڕابردوو خستەوە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان.

پێشتر ئەم گرووپە لەلایەن دوناڵد ترامپەوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندرابوو بەڵام دواتر و پاش هاتنەسەرکاری جۆ بایدێن، ئەم گرووپە لەلایەن ئەمریکاوە  لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکان دەرهێنرابوو.