کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن نەسروڵڵا : هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی دەمیشق خاکی ئێرانی کردە ئامانج نەک سووریه

12:12 - 21 خاکەلێوه 2724

حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا لە لوبنان ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دەمیشق خاکی ئێرانی کردە ئامانج، ئەمەش بەو مانایەیە کە هێرشەکە دژی ئێران بووە نەک سووریه هەروەها ناوبراو دانی بەوەدا نا کە هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دەمیشق بەهێزترین هێرشی ئیسرائیل لە دژی ئێران بووە.

نەسروڵڵا وێڕای هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرینگیی ڕۆڵ و بوونی ئێران لە سووریە ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کەسانەی لە کونسوڵخانەی ئێران کوژراون، ڕاوێژکاری سەربازی بوون و هێزی سەربازی نەبوون.

ئەم قسانەی حەسەن نەسروڵڵا لە باشووری بەیرووت و له‌ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی پاسدار محەممەد ڕەزا زاهدی، فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسدارانی ئێران لە سووریه و لوبنان، و محەممەد هادی ڕەحیمی، جێگرەکەی و پێنج پاسداری دیکەی ڕێژیم کە لەگەڵ ئەوان لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران کوژران، كراوه‌.

دوای هێرشی ئیسرائیل له ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوە، عەلی خامنەیی و زۆرێک لە بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمی ئێران بە پەیامی جیا و بەڵێنی وڵامدانەوەی توند بەو هێرشەی ئیسرائیل، باس لە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی توند دەکەن.

بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوە لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران وتی: هەر کەسێک هێرش بکاتە سەرمان یان بەنیازی ئەوە بێت، دەیکەینە ئامانج.