کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی ئیسرائیل، داواکارییەکانی حەماس جێبەجێ ناکات

12:23 - 21 خاکەلێوه 2724

گرووپی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کە سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢١ خاکەلێوە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند دوایین ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی ئیسرائیل، داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا حەماس جەختی لەوە کردەوە کە دەیەوێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە بە ڕێککەوتنێک بگات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کۆتایی حەفتەدا لە قاهیرە، بیل برێنز بەڕێوەبەری ''سی ئای ئەی'' پێشنیارێکی نوێی خستەڕوو کە بریتییە لە گوشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی زیاتری زیندانی فەلەستینی لە بەرامبەر ئەو ٤٠ بارمتە ئیسرائیلییەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی سێ ساڵەی ئاگربەستدا، وردە وردە ئازاد بکرێن.

لە هەمان کاتدا دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی مێسری ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس لەسەر پێدانی ئیمتیازێک کە ڕێگەی ئاگربەست خۆش دەکات ڕێک کەوتوون.

بە وتەی ئەوان، لە کاتی ئاگربەستێکی سێ قۆناغیدا، ​​بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکرێن و خەڵکی ئاوارەبووی باکووری غەززە دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا، یەکیەتیی ئورووپا، ژاپۆن، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی دیکە، حەماسیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.