کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئاگربەستی دەوێت، دەبی حەماس ناچار بەو ئاگربەستە بکات

12:35 - 21 خاکەلێوه 2724

جان کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئامادە نییە باسی ئەو پەیامە بکات کە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەمریکای ناردووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بەڕاستی تاران ئاگربەستی دەوێت، پێویستە گوشار بخاتە سەر حەماس بۆ ئەوەی کە بە ئاگربەست ڕازی بێت.

پێشتریش تاران و واشنگتۆن ئاڵوگۆڕی پەیامەکانیان سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق پشتڕاست کردبووەوە.

جان کێربی ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دەبێت بە گومانەوە سەیری هەموو شتێک بکەن کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەیڵێن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی پەیامێکی بۆ ئەمریکا ناردووە کە ئەگەر ئاگربەست لە غەززە دامەزرا، تاران لە ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە خۆی دەپارێزێت.

لەلایەکی دیکەوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق، وێڕای کردنەوەی بینایەکی نوێ وەک کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە پایتەختی سووریە، جەختی لە هێرش کردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل کردەوە.

هاوکات حەسەن نەسروڵڵا، بەرپرسی گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی دووشەممە لە ڕێوڕەسمی حیزبوڵڵا بۆ کوژراوانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق بڵاو کرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە عەلی خامنەیی، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بڕیاری داوە کە کۆماری ئیسلامی ئەمجارەیان، ڕاستەوخۆ وڵامی ئیسرائیل بداتەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی باسی لەوە کرد دەزانین کە زۆرێک لەو گرووپانەی کە هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، سەر بە سپای پاسدارانن و سپای پاسداران پاڵپشتی دارایی و ئاسانکارییان بۆ دەکات.